ئێران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە: رێگە مەدەن خاکتان دژی ئێران بەکاربهێنرێت


رووداو  دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا هۆشداریی تووند دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و رایدەگەیێنێت، هەر وڵاتێک ڕێگە بدات خاک و توانای خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێت، بەرپرسیارێتیی یاسایی و نێودەوڵەتیی دەکەوێتە ئەستۆ.
 
بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە سەربازی و مەدەنییەکانی ئێران و 'شەهیدکردنی رێبەری باڵا' و بەرپرسانی وڵات، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی ئێرانە.
 
تاران جەخت دەکاتەوە کە بەپێی ماددەی 51ی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی سروشتیی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.
 
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەکەدا دەڵێت: "ئەو وڵاتانەی بنکەی ئەمریکایان تێدایە، دەبێت رێگری لە هەر دەستدرێژییەک بکەن؛ بە پێچەوانەوە ئێران ئۆپەراسیۆنی بەرگریی گونجاو دژی ئەو بنکە و سەرچاوانە ئەنجام دەدات کە هێرشیان لێوە دەکرێتە سەر ئێران" 
 
لە کۆتاییدا تاران دڵنیایی دەداتە دراوسێکانی ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی تەنیا دژی بنکەکانی ئەمریکایە و وەک دوژمنایەتی بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە هەژمار ناکرێت، بەڵام داوای پابەندبوون بە بنەمای دراوسێیەتیی باش دەکات.
 
 
دەقی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران - 2026/03/07
 
راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە پێویستیی خۆبەدوورگرتنی وڵاتانی ناوچەکە لەوەی خاک و تواناکانیان بۆ دەستدرێژیی سەربازی دژی ئێران بخەنە بەردەست.
 
دەستدرێژیی سەربازیی هاوبەشی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لە رۆژی شەممە، 9ی رەشەممەی 1404 (28ی شوباتی 2026) بە شەهیدکردنی رێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەمان، و هاوکات هێرشکردنە سەر ژێرخانە سەربازی و مەدەنییەکان، لەوانەش قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، شوێنە وەرزشییەکان، ماڵی هاووڵاتیان و ناوەندەکانی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی دەستیپێکرد و هێشتا بەردەوامە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی خاک و حاکمییەتی نیشتمانیی ئێرانە.
 
وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە سەربازییە دڕندانەیە، مافێکی سرووشتی ئێرانە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، کە لە ماددەی 51ی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا جەختی لێکراوەتەوە و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو تواناکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییە بەکاردەهێنن. پەیڕەوکردنی مافی زاتیی بەرگریی رەوای ئێران تاوەکو راگیرانی دەستدرێژییەکە، یان تاوەکو کاتێک ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت و بەپێی ماددەی 39ی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستدرێژیکاران دەستنیشاندەکات و بەرپرسیارێتییەکانیان لە پەیوەندی بە دەستدرێژییەکانیان دیاری دەکات، بەردەوام دەبێت.
 
هەروەک لە چەندین نامەی فەرمیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان روونکراوەتەوە، بەپێی بنەمای بنەڕەتیی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە قەدەخەی زیانگەیاندن بە ئەوی دیکە لە رێگەی ئەو خاکەی لەژێر دەسەڵات و سەروەریی خۆیدایە"، وڵاتان قەدەخەکراون لەوەی رێگەبدەن خاکیان بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ گەیاندنی زیان بە وڵاتانی دیکە بەکاربهێندرێت. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیاری 3314ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بە کۆدەنگیی تەواو پەسند کراوە و رەنگدانەوەی یاسا و ڕێسای نێودەوڵەتییە سەبارەت بە پێناسەی دەستدرێژیی سەربازی و نموونەکانی، لە بڕگەی (و)ی ماددەی 3دا، یەکێک لە نموونەکانی دەستدرێژیی سەربازی "بە کردەی وڵاتێک لە رێگەدان بە وڵاتێکی دیکە بۆ بەکارهێنانی خاکەکەی کە خستوویەتییە بەردەستی، بۆ ئەنجامدانی کردەوەی دەستدرێژی دژی وڵاتێکی سێیەم" دەزانێت.
 
سەرباری ئەمەش، وەکو بنەمایەکی سەرەکیی یاسای نێودەوڵەتی، وڵاتان دەبێت بە توندی رێگری بکەن لە ئەنجامدانی دەستدرێژیی سەربازی لەلایەن ئەو هێزانەی لە خاکیاندا جێگیرکراون دژی وڵاتانی دیکە و نابێت ئاسانکاری یان پشتیوانیی لێبکەن. روونە کە لە ئەگەری پێشێلکردنی ئەو ئەرکە بنەڕەتییانەی کە ئاماژەی پێکرا، ئەو وڵاتانەی کە لە خاکیانەوە دەستدرێژیی سەربازی کراوەتە سەر وڵاتێکی سێیەم، بەرپرسیارێتیی یاسایی نێودەوڵەتییان دەکەوێتە ئەستۆ، لەوانەش، ئەوەی پەیوەندی بە قەرەبووکردنەوەی زیانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانە.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مافی رەوای بەرگری لە قەوارەی ئێران و لەژێر روونی کەمتەرخەمیی ئاشکرای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆپەراسیۆنێکی بەرگریی پێویست و گونجاوی دژی بنکە و دامەزراوەکانی دەستدرێژیکاران لە ناوچەکە ئەنجامداوە؛ ئەو هەنگاوەی کە لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە رەوایە و پێشتریش بە بەردەوامی و لە ئاستە جیاوازەکاندا هۆشداریی پێویستی لەبارەوە درابوو.