ئیسرائیل دەڵێت، 16 فڕۆکەی سوپای پاسدارانی لە فڕۆکەخانەی تاران پێکاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 16 فڕۆکەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی میهرئابادی تاران پێکاوە، کە بە "ناوەندێکی سەرەکیی سوپای پاسداران" ناوی دەبات.
 
رۆژی شەممە، 7ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "شەوی رابردوو، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی لە سەرانسەری تاران و بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی لە فرۆکەخانەی میهرئاباد لە تاران تەواو کرد."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "16 فرۆکەی یەکەی 'فەیلەقی قودس'ی سوپای پاسداران بە وردی تێکشکێنران"، فەیلەقی قودس سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران دەکات.
 
سوپای ئیسرائیل، پاسدارانی تۆمەتبار کرد بەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی میهرئاباد بۆ ناردنی پارە و چەک بۆ بریکارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێویاندا حیزبوڵڵای لوبنان بەکاردەهێنێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "هەروەها چەند فرۆکەیەکی جەنگیی ئێرانی کرانە ئامانج، کە مەترسییان بۆ سەر فرۆکەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دروست کردبوو کە لە ئاسمانی ئێراندا دەسوڕانەوە."
 
رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەڵامەکانی ئێران هێرشەکانی بوو بۆ سەر ئیسرائیل، بنکە سەرباز و ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداو. رۆژێک دوای دەستپێکی جەنگەکەش، ئێران گەرووی هومزی داخست و هۆشداریدا لە هەوڵی هەر کەشتییەک بۆ تێپەڕین پێیدا.