سوپای پاسداران هێرشی نوێی مووشەکی دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران رایگەیاند شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل دەستپێکردووە.
کاژێر 21:30ی ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئاداری2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران دەستپێکردنی شەپۆلی 27ەمی هێرشەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (بەڵینی راست 4) رایگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، بە درووشمی " یا حیدر کرار'' شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل دەستپێکردووە، بەڵام ئامانجەکانی بە وردی دیاری نەکردوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارن لە شەپۆلە هێرشەکانی 24-25 و 26ی (بەڵینی راست 4) سێ جۆر مووشەک بە ناوەکانی عیماد، قەدر و خەیبەر بەکار هێنراوە.
لە بەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
لە وەڵامدا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.