پزیشکیان بۆ ترەمپ: هیوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێرانییەکان دەبەنە گۆڕ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، ئەنجوومەنی کاتیی رێبەریی وڵاتەکەی بڕیاری وەستاندنی هێرشەکانی داوە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن، نەوەک بە ''دەستوەردان''ـی ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئەمڕۆ شەممە 07-03-2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سەبارەت بە جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا رایگەیاند: ''بۆردوومانی خەڵکی بێتاوانی ئێران بەبێ گوێدانە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان کراوە، بە جۆرێک کە هەر شوێنێکیان بوێ هێرشی دەکەنە سەر، تەنانەت سڵ لە قوتابخانە و نەخۆشخانەش ناکەنەوە.''
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای خۆبەدەستەوەدانی ''بەبێ مەرج''ـی ئێران دەکات، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. مەسعود پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە: ''خەونێکی لەو شێوەیە کە ئێمە بەبێ مەرج بمانەوێت خۆمان رادەست بکەین، دەبێ لەگەڵ خۆیاندا بیبەنە نێو گۆڕ.''
سەرۆککۆماری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانن، ''بەڵام [ئەمریکا] مافەکانی هەموو وڵاتان و بێگومان ئێرانەکەمان، لەبەرچاو نەگرن.''
''هێرشەکانمان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رادەگرین''
لە هەشت رۆژی جەنگدا، ئێران هێرشی کردووەتە سەر چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە کە ناڕەزایی ئەو وڵاتانەی لێکەوتووەتەوە. مەسعود پزیشکیان لەوبارەوە گوتی: ''پێویستە لە وڵاتانی دراوسێ کە لە لایەن ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لە لایەن خۆمەوە داوای لێبوردن بکەم؛ بەڵام بەهۆی ئەو دەستدرێژییە دڕندانەیەی کە تێیدا فەرماندەکانمان، رێبەرمان و ئازیزانمان گیانی خۆیان لەدەستدا، هێزە چەکدارەکانمان بۆ بەرگری لە یەکپارچەیی خاک، بە لێکدانەوەی خۆیان هەنگاوی پێویستیان نا.''
سەرۆککۆماری ئێران ئەوەشی خستەڕوو: ''ئێمە مەبەستی دەستدرێژیمان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ نییە، وەک چۆن چەندین جار گوتوومە کە ئەوان برای ئێمەن و دەبێ پێکەوە لە ناوچەکەدا ئاشتی و ئارامی بپارێزین''.
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی کاتیی رێبەریی وڵاتەکەیدا بڕیار دراوە کە لەمەودوا نابێ هێزە چەکدارەکانیان هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دراوسێیان یان مووشەکیان تێبگرن، ''مەگەر ئەو وڵاتانەی کە لێیانەوە بیانەوێت هێرشمان بکەنە سەر. پێم وایە ئەمە دەبێت بە دیپلۆماسی چارەسەر بکەین نەک بە شەڕکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و گەیشتن بە کێشە.''
هاوکات پزیشکیان لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد کە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نیشتەجێن و گوتی: ''بۆ وڵاتانی دراوسێشمان کە کۆمەڵێک گرووپ یان لایەن بیر لەوە دەکەنەوەوە لەم دەرفەتەدا بیانەوێت هێرش بکەنە سەر خاکمان، ئەم پەیامە دەدەم: باشترە نەبنە بووکەڵەی دەستی ئیمپریالیزم.''
سەرۆککۆماری ئێران رووی زاری کردە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی و ئاماژەی دا: "لەوانەیە ناکۆکیمان لەگەڵ یەکدی هەبێت، لەوانەیە گلەییمان هەبێت، بەڵام ئێستا بە پشتیوانی لە ئیسرائیل کە خەریکی جینۆسایدە و ئەمریکا کە خەریکی زۆردارییە، بوونەتە بووکەڵەی دەستی ئیمپریالیزم. ئەوە زۆر خراپە بۆ ئەو کەسانەی کە پێیانوایە دەیانەوێت ئازادی و شکۆی خۆیان بەدەست بهێنن. ئەگەر ناکۆکیمان هەیە، باشترە پێکەوە دانیشین چارەسەری بکەین، بەڵام نەبینە بووکەڵەی دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا.''
لەم دواییانەدا میدیایەکی ئەمریکی لەسەر زاری بەرپرسێکی وڵاتەکە بڵاوی کردەوە کە ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بە ئۆپەراسیۆن دژی ئێران کردووە، بەڵام هەر زوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی حیزبەکانی ئەندام لە هاوپەیمانیی کوردستانی ئەو بانگەشەیە بە تەواوی رەتکرایەوە.