ئێران داوا لە خەڵک دەکات بچنە سەر شەقامەکان

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران بانگەوازێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا داوا لە خەڵک دەکات بەشداری بکەن لە رێوڕەسمی سەرانسەریی حەوتەم رۆژی کوژرانی رێبەری وڵاتەکە.
 
بانگەوازەکە ئەمڕۆ شەممە 07-03-2026، بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندووە، بە بۆنەی حەوتەم رۆژی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە، هاووڵاتییان لە سەرانسەری ئێران بچنە سەر شەقامەکان.
 
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران لە بانگەوازەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: ''هاووڵاتییان بە ئامادەبوونى فراوان و شکۆدار لە مزگەوتەکانیش، جارێکى دیکە دیمەنێک لە دڵسۆزی خۆیان بۆ ئامانجە بەرزەکانى کۆماری ئیسلامیی ئێران بخەنەڕوو.''
 
بڕیارە رێوڕەسمەکە کاژێر 19:30 خولەک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی 22 ناوچەی تاران و ناوەندی شار و پارێزگاکانی دیکەی وڵاتەکە دەستپێدەکات.
 
بانگەواز بۆ هاتنە سەر شەقامی خەڵک لەلایەن ئێرانەوە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هۆشدارییان داوە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن و پێویستە هاووڵاتییان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا چەندین بەرپرسی باڵا لەنێویشیاندا عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە کوژراون.
 
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.