وەزیری پەروەردەی ئێران: 310 قوتابی و مامۆستا لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی ئێران نوێترین ئاماری زیانە گیانی و مادییەکانی کەرتی پەروەردەی وڵاتەکەی بەهۆی هێرشەکانەوە راگەیاند و ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 310 قوتابی و مامۆستا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 750 قوتابخانەش زیانیان پێگەیشتووە.
 
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند: "لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە نزیكەی 900 یەکەی پەروەردەیی، کارگێڕی، کەمپ و شوێنی وەرزشی لە هێرشەکاندا خاپوور کراون یان زیانیان بەرکەوتووە، کە 750 دانەیان تەنیا قوتابخانەن."
 
وەزیری پەروەردەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیانەوە پەیوەندییان بە رێکخراوەکانی وەک یونسکۆ و یونیسێف و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە کردووە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ مافی قوتابیان بکەن و پێشێلکارییەکان بە دیکۆمێنت بکەن.
 
سەبارەت بە بەردەوامبوونی پڕۆسەی خوێندن لە کاتی جەنگدا، کازمی راگەیاند: بڕیاردراوە وانەکانی خوێندن تاوەکو کۆتایی فەروەردین (20ی نیسان) بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام بن. بۆ قەرەبووکردنەوەی دواکەوتنی پڕۆگرامی خوێندنیش، هەفتەیەک کاتی زیادە دراوەتە مامۆستایان بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆگرامەکان تەواو بکەن.
 
وەزیری پەروەردەی ئێران دڵنیایی دایە قوتابیان و گوتی: "ئەگەر دۆخی نائاسایی بەردەوام بێت، تاقیکردنەوەکان دوادەخرێن. تاقیکردنەوەکان لانیکەم 15 رۆژ دوای ئاساییبوونەوەی رەوشەکە دەکرێن، بۆیە پێویست ناکات قوتابیان نیگەران بن." ئاماژەی بەوەش کرد، کاتی تاقیکردنەوەی سەرتاسەریی "کۆنکور"یش بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی تاقیکردنەوە کۆتاییەکان رێکدەخرێتەوە.
 
عەلیڕەزا کازمی جەختی کردەوە کە سەرەڕای دۆخە سەختەکە، پڕۆسەی خوێندن لە ئێران رانەگیراوە و هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ پاراستنی کوالێتی خوێندن و فەراهەمکردنی دادپەروەری لە تاقیکردنەوەکاندا.
 
لە 28ی شوباتەوە بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پرۆسەی خوێندن لە ئێران بەشێوەی ئامادەبوون لە پۆلەکانی خوێندن راگیراوە و بووەتە ئۆنلاین.