ئێران: ئەمریکا بە ناچاری پێشنیازە 10 خاڵییەکەی بۆ دانوستاندن قبوڵکردین
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە بارەی راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی دوو هەفتە رایگەیاند، ئەمریکا بە "ناچاری" پێشنیازێکی 10 خاڵی ئێرانی بۆ ئاگربەست دەستپێکردووە. راشیگەیاند رۆژی هەینی گفتوگاکان لە ئیسلامئابادی پاکستان دەستپێدەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند: "ئێران توانیویەتی لە رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی و تێکشکێنەردا، شکستی بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بهێنێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو گوشارە سەربازی و سیاسییانەی کە لەلایەن ئێران و بەرەی مقاومە لە ماوەی 40 رۆژی رابردوودا دروستکراوە، ئەمریکا ناچار بووە پێسنیازە 10 خاڵیەکەی ئێران قبووڵ بکات."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گرنگترین خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە بریتیین لە:
- پابەندبوونی ئەمریکا بە دەستدرێژی نەکردن بۆ سەر ئێران.
- بەردەوامیی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هورموزدا.
- دانپێدانان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم.
- هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران.
- کۆتاییهێنان بە سەرجەم بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنجوومەنی چاودێران.
- پێدانی قەرەبووی زیانەکان
- کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
- راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان بە تایبەتی لە لوبنان
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە "جەنگاوەرانی بەرەی مقاوەمە لە لوبنان، عێراق، یەمەن و فەلەستین، گورزی کوشندەیان لە ژێرخانە سەربازی و ئابوورییەکانی دوژمن وەشاندووە". ئاماژە بەوەش کراوە کە "دوژمن دوای تەنیا 10 رۆژ لە دەستپێکی جەنگەکە، کاتێک تێگەیشت لە شکستە یەکلاکەرەوەکەی، پەنای بۆ داواکاری ئاگربەست بردووە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپاسی "ئامادەبوونی خەڵک" کراوە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی یەکڕیزیی نیشتمانی و هەوڵی رێبەرایەتی وڵات بووە، هەروەها هۆشداری دراوە، تاوەکو جێبەجێکردنی تەواوەتی وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە، پێویستە خۆڕاگری و پاراستنی یەکڕیزی لە وڵاتدا بەردەوام بێت."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رۆژی هەینی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێدەکەن.
رۆژی چوارشەممە 08-04-2026 سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەم ئاگربەستە "دوولایەنە" دەبێت و مەرجی سەرەکیی بۆ جێبەجێکردنی، رەزامەندیی ئێرانە بۆ کردنەوەی "تەواوەتی، دەستبەجێ و سەلامەتی" تەنگەی هورمز بە رووی کەشتیوانیی جیهانییدا.
ئەم بڕیارەی ترەمپ تەنیا چەند کاژێرێک بەرلە تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە هات کە تێیدا هەڕەشەی وێرانکردنی هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێرانی کردبوو. ئێستا چاوەکان لە سەر تارانن تاوەکو بزانرێت بە فەرمی کردنەوەی تەنگەی هورمز رادەگەیێنێت یان نا.