وەزیری دەرەوەی ئێران: تەنگەی هورمز بۆ دوو هەفتە دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە فەرمی هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پێشنیازی ئاگربەست راگەیاند و ئاشکرای کرد، تاران ئامادەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رابگرێت و تەنگەی هورمز بە رووی کەشتیوانیدا بکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 08-04-2026 عێراقچی لە راگەیێندراوێکدا بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، پێزانینی خۆی بۆ "هەوڵە بێپچڕانەکانی" شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و فەرماندە عاسم مونیر دەربڕی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، تاران رەزامەندە لەسەر کردنی دانوستاندن لەسەر بنەمای پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا. هاوکات جەختی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکاش چوارچێوەی گشتیی پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێرانی وەک بنەمایەک بۆ گفتوگۆ قبووڵ کردووە.
عێراقچی بە ناوی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانەوە رایگەیاند: "ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر ئێران رابگیرێن، هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانیان دەوەستێنن."
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "بۆ ماوەی دوو هەفتە، تێپەڕبوونی سەلامەت بە ناو تەنگەی هورمزدا لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە رەچاوکردنی سنووردارێتییە تەکنیکییەکان دەبێت."