175 کارمەندی دیکەی رووسیا وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهریان جێهێشت

 
رووداو دیجیتاڵ

رووسیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، 175 کارمەندی دیکەی خەڵکی وڵاتەکەی لە وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهری ئێران کشاونەتەوە و بەرەو مۆسکۆ گەڕاونەتەوە.
 
باڵیۆزخانەی رووسیا لە ئەرمینیا ئاشکرای کرد، ئەم کارمەندانە لە رێگەی دەروازەی سنووریی "نووردوز-ئەگاراک"ەوە چوونەتە نێو خاکی ئەرمینیا و بە گەشتێکی ئاسمانیی تایبەت گەیشتوونەتەوە مۆسکۆ.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی باڵیۆزخانە، لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، 509 هاووڵاتیی رووسی لە رێگەی ئەرمینیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
 
مۆسکۆ سوپاسی خۆی ئاراستەی ئەرمینیا کردووە بۆ هاوکاریکردنی لە گواستنەوەی سەلامەتی کارمەندانی کۆمپانیای رۆساتۆمی سەر بە دەوڵەتی رووسیا. لەمبارەیەوە ئەلێکسی لیخاچێڤ، سەرۆکی کۆمپانیای رۆساتۆم رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، زۆربەی ئەو هاووڵاتییە رووسیانەی لە وێستگەی بووشەهر کاریان دەکرد بە سەرکەوتوویی گەڕێندراونەتەوە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتووشدا کۆمەڵێکی دیکە بگەڕێندرێنەوە.
 
گواستنەوەی کارمەندە رووسەکان لە مانگی رابردووەوە دەستیپێکرد، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە دوای هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس. 
 
تاران لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا لەرێگەی مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئیسرائیل، ئوردن، عێراق، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانج؛ هەروەها بە کردەیی تەنگەی هورمزی داخستووە و هاتووچۆی کەشتییەکانی پەکخستووە.