یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران: سەرچاوەی ناردنی کورتەنامەی پابەندبوون بە باڵاپۆشییەوە دیار نییە

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان دەڵێت: "سەرچاوەی ناردنی کورتەنامەی پابەندبوون بە باڵاپۆشی بۆ ژنان دیار نییە".
 
زەهرا بیهروز ئازەر، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان لەبارەی ناردنی کورتەنامەی پابەندبوون بە باڵاپۆشی رایگەیاند: "هەوڵ دەدەین بزانین کام لایەنە ئەم کارە دەکات، بەڵام هێشتا دیار نییە. دەمانەوێ دیاری بکەین ئەم نامە کورتانە لە کوێوە سەرچاوە دەگرن و بۆ چ مەبەستێک دەنێردرێن و بەپێی چ یاسایەکیش دەنێردرێن".
 
30ـی نیسانی 2025، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران سەبارەت بە ناردنی کورتەنامەی پابەندبوون بە یاسای باڵابۆشی بۆ ژنان رایگەیاند: "ئاگامان لەو بابەتە نییە، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
 
بەشێک لە هاووڵاتیانی ئێران، بە تایبەت ژنان، وێنەی ئەو کورتەنامانەیان لە تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان بڵاوکردوەتەوە کە بۆیان نێردراوە و داوایان لێ دەکرێ رەچاوی رێنماییەکانی تایبەت بە باڵاپۆشی بن.
 
پێنجی ئاداری 2025 محەممەد جەعفەر قائیم پەنا، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردوەتەوە کە ناتوانین یاسای باڵاپۆشی جێبەجێ بکەین، چونکە ئەوە کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات و منیش دژی خەڵک ناوەستمەوە".
 
پرۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادە کرا، دواتر حکومەتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ زیادکرد و ناردی بۆ پەرلەمان، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا و لە ئەیلوولی 2023 پەسند کرا.
 
پڕۆژەیاساکە دواتر لە 19ـی تشرینی یەکەم 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسند کرا.
 
لە یەکی کانوونی یەکەمی 2024، سەیید مەهدی تەباتەبایی، جێگری بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، حکومەت هەوڵ دەدات گۆڕانکاری لە یاساکەدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو بەرەو هەموارکردنەوەی دەنێت.