دەنگی چەندین تەقینەوە لە باشووری ئێران بیسترا؛ تاران دەڵێ پێکدادان لەگەڵ ئەمریکا روویداوە
رووداو دیجیتاڵ
دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شاری بەندەر عەباس و دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران بیسترا. میدیای فەرمیی ئێران رووداوەکەی بۆ "تەقەکردن لە نێوان هێزە چەکدارەکانی ئێران و دووژمن" دەگەڕێنێتەوە، هاوکات ئیسرائیلیش هەر جۆرە پەیوەندییەکی بەو تەقینەوانەوە رەتکردەوە.
شەوی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تەقەکردن لە نێوان هێزەکانی ئێران و لایەنی بەرامبەر، بەشێکی ناوچە بازرگانییەکانی (ئەسکەلەی بەهمەن) لە دوورگەی قیشم کراونەتە ئامانج. تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران (IRIB) ئاماژەی بەوە کرد، باڵەخانەی کارگێڕیی ئەو بەندەرە زیانی پێگەیشتووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو شوێنە پێشتریش لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرابوو.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئاگادارەوە رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا "دەستدرێژییان کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتی ئێران" لە سنووری تەنگەی هورمز. ئەو بەرپرسە گوتی: "لە وەڵامی ئەو دەستدرێژییەدا، یەکەکانی دووژمن لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دراونەتە بەر هێرشی مووشەکی و دوای ئەوەی زیانیان پێگەیشتووە، ناچار بە راکردن و پاشەکشە کراون."
هاوکات ئاژانسی هەواڵی (مێهر) بڵاویکردەوە، تەقینەوەکان و دەنگی تەقەکان پەیوەندییان بە پێکدادانەکانی ناو سنوورە ئاوییەکانی دەوروبەری ناوچەی (سیریک)ـەوە هەبووە لە پارێزگەی هورمزگان. بەپێی گوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، دەنگی چەندین تەقینەوەی یەک لە دوای یەک بیستراوە.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە فەرمییەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی بەو تەقینەوانەوە نییە کە لە باشووری ئێران روویانداوە. تاوەکو ئێستاش سوپای ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەبارەی ئەو پێکدادانە و هێرشکردنە سەر کەشتییە ئێرانییەکە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم هەڵکشانە سەربازییە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند کاژێرێک پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لەگەڵ بەرپرسانی تاران لە پەیوەندیی "زۆر ئەرێنی"دان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
تەنگەی هورمز، کە رێڕۆیەکی ستراتیژیی جیهانییە بۆ گواستنەوەی وزە، لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین رووبەڕووبوونەوەی دەریایی لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سوپای پاسدارانی ئێرانی لێ روویداوە، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن بڕیاری دا بە شێوەیەکی یەک لایەنە کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕەوەدا بپاریزێت.