خاتەمولئەنبیای ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرش کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا ئاگربەستیان پێشێلکردووە و هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری وڵاتەکەیان. دەشڵێت: "وەک وەڵامێکی خێرا، هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا و زیانی زۆریان پێگەیاندوون."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیێندراوێکدا سوپای ئەمریکای بە "دەستدرێژکار و رێگر" وەسفکرد و رایگەیاند: "ئەمریکا بە پێشێلکردنی ئاگربەست، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانییان لە کاتی گەشتکردنی لە ئاوەکانی جاسەکەوە بەرەو تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "جگە لەو کەشتییە، کەشتییەکی دیکە لە بەرامبەر بەندەری فوجەیرەی ئیمارات لە کاتی چوونە ناو تەنگەی هورمز کراوەتە ئامانج.
هەروەها دەڵێت: "ئەمریکا بە هاوکاریی چەند وڵاتێکی ناوچەکە، هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ناوچەی نیشتەجێبوونی سڤیل لە بەندەری خەمیر، سیریک و دوورگەی قیشم."
سەبارەت بە وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا ئاماژەی بەوە کردووە: "هێزە چەکدارەکانمان دەستبەجێ و وەک وەڵامدانەوەیەک، هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز و باشووری بەندەری چابەهار، زیانی زۆر و بەرچاویان پێگەیاندوون."
ئێران هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی "پشتیوانی" دەکەن و دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە بە هێزەوە و بێ هیچ دوودڵییەک، وەڵامێکی کوشندە دەداتە هەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک."
ئەمە لەکاتێکدایە فۆکس نیوز رایگەیاندووە، بۆردوومانەکان لەلایەن ئەمریکاوە کراون، بەڵام مانای دەستپێکردنەوەی جەنگ نییە.