سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، لە وەڵامی هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر نەوتهەڵگرێکی ئێرانی، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بە مووشەک و درۆن دژی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز ئەنجامداوە و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی هێزی دەریایی  سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی "سوپای تێرۆریستی ئەمریکا" ئاگربەستی پێشێلکرد و هێرشی کردە سەر نەوتهەڵگرێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک بەندەری جاسک، هێزەکانیان وەڵامیان داوەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی "زۆر بەهێز و وردی" ئەنجامداوە، کە تێیدا چەندین جۆر مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووزی دژە کەشتی و درۆنی بۆمبڕێژکراوی بەکارهێناوە بۆ پێکانی کەشتییە تێکشکێنەرەکانی ئەمریکا لە  تەنگەی  هورمز.
 
 سوپای پاسداران  بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەو هێرشەدا زیانی زۆر بەر هێزەکانی ئەمریکا کەوتووە و 3 کەشتیی جەنگیی ئەمریکاش بە خێرایی لە تەنگەی هورمز پاشەکشەیان کردووە و هەڵاتوون.
 
ئەم پێکدادانە سەربازییە لە کاتێکدایە کە ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان تاران و واشنتن لە لێواری هەرەسهێناندایە. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون، فەرمانی بە گەمارۆدانی دەریایی ئێران دا. 
لە بەرامبەردا ئێران تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا داخستووە. 
ئەم پەرەسەندنە مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی گشتگیری لە ناوچەکەدا دروست کردووە و بازرگانیی جیهانیی وزەی رووبەڕووی تەنگژەیەکی گەورە کردووەتەوە.