لاریجانی: رۆژئاواییەکان پرسی مافی مرۆڤیان کردووەتە بیانوو
رووداو - هەولێر
سەرۆکی دەزگای دادی ئێران رایگەیاند، بۆ پرسی مافی مرۆڤ وڵاتەکەی ناچێتە ژێر باری گوشارەکانی ئەمریکا و ئەوروپا.
سادق لاریجانی، رۆژی دووشەممە 7-8-2017، لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای دەزگای داد، ئاماژەی بە گوشاری وڵاتانی رۆژئاواییدا لەسەر ئێران، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا و گوتی، پرسی مافی مرۆڤ بەتایبەت لەسەر ئێران کراوەتە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی گوشاری بخەنەسەر.
سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دەڵێت "وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکییەکان کە دەڵێن سەرۆکی جیهانن وا قسە دەکەن کە هەرشتێک ئەوان دەڵێن و بڕیاری لەسەر دەدەن هەموو وڵاتانی جیهان دەبێت ئەنجامی بدەن و ئەمەش قسەیەکی بێمانایە، وڵاتانی رۆژئاوایی هەر ئەم قسانەی کە خۆشیان دەیکەن و هەروەها راگەیاندنی مافی مرۆڤ کە خۆیان نووسیویانە و رێکەوتوون لەسەری ئەمەش جێبەجێ ناکەن".
دەشڵێت "بەڕاستی ئەوەی کە ئەمڕۆ لە یەمەن روودەدات و ئەو تاوانانەی کە سعودیە لە یەمەن ئەنجامی دەدات و هەڵسوکەتی ئەمریکییەکان لەگەڵ هیچ پەیماننامەیەک و هیچ رێککەوتننامەیەک یەک دەگرێتەوە ؟".
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن