هاووڵاتییەکی فەرەنسی - ئەڵمانیی دەستبەسەرکراو لە ئێران بێتاوان دەرچوو
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای هورمزگانی ئێران دەڵێت، ئەو هاووڵاتییە فەرەنسی - ئەڵمانییەی لە هورمزگان بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کرابوو، بێتاوان دەرچوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025 موجتەبا قارەمانی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی پارێزگای هورمزگان رایگەیاند، "لونارت مونترلوس، هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسا و ئەڵمانیا کە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیلی درابووە پاڵ، بێتاوان دەرچووە."
موجتەبا قارەمانی گوتی، "لونارت مونترلوس لەکاتی جەنگە 12 رۆژییەکەدا دەستگیرکرا، دادگای شۆڕشی بەندەر عەباس بە وردی لە دۆسیەکەی وردبووەوە و بە لەبەرچاوگرتنی بنەما یاساییەکان، بڕیاری بێتاوانیی بۆ دەرکرد."
بە گوتەی سەرۆکی دادی پارێزگای هورمزگان، داواکاری گشتی مافی ئەوەی هەیە تانە لەو بڕیارەی دادگای بەندەر عەباس بدات.
لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندیی نێوان تاران و پاریس بەهۆی چەندین بابەتی جۆراوجۆر، لەوانەش دەستبەسەرکردنی چەند هاووڵاتییەکی فەرەنسی لەلایەن ئێرانەوە ئاڵۆز بووە.
بەرپرسانی فەرەنسا دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکانیان بە هۆکاری سیاسی و بەشێک لە سیاسەتی حکومەتی ئێران بۆ "دیپلۆماسیی بارمتە" ناوبردووە؛ تۆمەتێک کە تاران رەتیدەکاتەوە.
رۆژی 24-09-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوە.
دوابەدوای ئەو کۆبوونەوەیە، پزیشکیان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پاریس و تاران رێککەوتن لەسەر "چارەسەری پرسی زیندانییەکان لەنێوان هەردوولا."
مونترلوس لە 16ی حوزەیرانی 2025 لەکاتی گەشتەکەیدا بە پاسکیل بە جیهاندا، لە ئێران دیارنەما. ئێران دوای ماوەیەکی کەم، دەستبەسەرکردنی بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تاوان" راگەیاند.