لە بانە رێوڕەسمێک بۆ رێزگرتن لە گرووپی نیشتمان سازکرا
رووداو - هەولێر
رێوڕەسمێک بۆ رێزلێنان لە گرووپی هەڵپەڕکێی نیشتمان بەڕێوەچوو کە لە فێستیڤاڵی کولتووری گەلان لە سان پترزبورگی رووسیا لەنێو 70 گرووپ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
لەو رێوڕەسمەدا کە لەلایەن ئەنجوومەنی هونەرە نمایشییەکانی ئەو شارە بەڕێوەچوو، دانیشتووانی بانە سەرکەوتنی گرووپی هەڵپەڕکێی شارەکەیان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بە گرینگ لەقەڵەمدا.
گرووپی هەڵپەڕکێی نیشتمان 12 ساڵە چالاکی کولتووری و هونەری دەکات، لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆی کوردستان و ئێران و نێودەوڵەتی بەشداریکردووە. ئەندامانی ئەو گرووپە دەڵێن، لە هەر سەرکەوتنێکدا خەڵکی بانە و شارەکانی دەورووبەری گەرمتر لە پێشوو، پێشوازی و رێزیان لێدەگرن و ئەوەش بە گەورەترین پاڵپشتی درێژەپێدانی کارەکانیان دەزانن.