وەزیری دەرەوەی ئێران: دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە ''مافی رەوای'' وڵاتەکەی دەزانێت و دەڵێت، ''ئەگەر جەنگیشمان بەسەردا بسەپێنن، دەستبەرداری ئەو مافە ئاشتیخوازانەیە نابین، بەڵام ئامادەین هەر نیگەرانییەک بڕەوێنینەوە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 08-02-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکدا کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەوە بەڕێوەچوو، گوتارێکی سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و دانوستاندنیان لەگەڵ ئەمریکا پێشکێش کرد.
 
عێراقچی جارێکی دیکە رەتیکردەوە، دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بن و رایگەیاند، ''بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانە و پیتاندنی یۆرانیۆم تێچووی زۆرمان داوە، بۆیە ئەگەر جەنگیشمان بەسەردا بسەپێنن، دەستبەرداری نابین؛ چونکە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەستنیشانی بکات، کە چیمان هەبێت یان چیمان نەبێت.''
 
ئەمریکا و ئەورووپا نیگەرانن لەوەی کە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ببات. وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گوتی، ''ئێمە ئامادەین نیگەرانییەکانیان بڕەوێنینەوە. پرسیاریان هەبێ، وەڵام دەدەینەوە و متمانەیان پێ دەبەخشین، بەڵام مافی ئەوەیان نییە بڵێن پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرن.''
 
قسەکانی عەباس عێراقچی لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینی 6ی شوبات، گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەنێوان تاران و واشنتن، سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، تەنیا رێگەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دیپلۆماسییە، ''ئەوان (ئەمریکا) رێگەی دیکەیان هەڵبژارد، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، چونکە زانست بە بۆردوومانکردن لەنێو ناچێت.''
 
عەباس عێراقچی دڵنیایی دەدات کە بەدوای بۆمبی ئەتۆمەوە نین، ''چەکی ئەتۆمیی ئێمە هێزی 'نا' گوتنە بە زلهێزەکان کە تێچووی زۆریشمان بۆ داوە، بەڵام وازهێنان لەو مافە، تێچووی زیاتری بۆ وڵات دەبێت.''
 
دانوستاندنەکەی مەسقەت لە کاتێکدا کرا کە ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە هەڕشە لە بەرپرسانی تاران دەکات، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ''شتی خراپ'' روودەدات. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ''بە هێزی سەربازیی ئەوان لە ناوچەکە، ناترسێین. ئێمە لەگەڵ دیپلۆماسین، بەڵام شارەزای جەنگیشین.''
 
سەبارەت بە ئەنجامی دانوستاندنەکەی مەسقەت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکان ''زۆر باش'' بوون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
 
عەباس عێراقچیش، پشتڕاستی کردووەتەوە هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە پێویستە کۆبوونەوەی داهاتوو بە زووترین کات بکرێت.
 
پار پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەڵام دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک لە مانگی حوزەیرانی 2025 جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روویدا و لە رۆژانی کۆتاییشدا ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد.