تەندروستیی ئێران: لە ناڕەزاییەکاندا 100 خوێندکار کوژراون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ، لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی مانگی رابردوودا نزیکەی 100 خوێندکار کوژراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی شوباتی 2026، مەسعود حەبیبی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروبای کەلتووری و خوێندکاران رایگەیاند، ئەو کەسانە لە لایەن کەسانی "بیانی و تیرۆریستان"ـەوە کوژراون، بێ ئەوەی ئاماژە بە تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بەرامبەر خۆپێشاندەران بکات.
 
مەسعود حەبیبی گوتی: "بەداخەوە نزیکەی 100 خوێندکار لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا گیانیان لەدەستداوە کە بە بڕیاری رێبەر (عەلی خامنەیی)، ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییانی ئەم رووداوانە کە دەستی کەسانی بیانی و تیرۆریست تێیاندا دیار بوو، وەک شەهید تۆمارکراون."
 
حەبیبی سەبارەت بە ژمارە و دۆخی خوێندکارانی دەستگیرکراو لە زانکۆکان کرد و گوتی: "بەشێکی زۆر لە دەستگیرکراوەکان ئازادکراون و ئێستا تەنیا نزیکەی 8 یان 9 خوێندکاری زانکۆ لە زیندان راگیراون. لە بەدواداچوونەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئەم کەسانەش ئازاد بکرێن."
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران گوتی، لە جەنگی 12 رۆژی حوزەیرانی ساڵی رابردوو لەگەڵ ئیسرائیل دوو خوێندکاری پزیشکییەکانی تاران و مەشهەد کوژراون.
 
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، لە ناڕەزاییەکاندا سێ هەزار و 117 کەس کوژراون، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماری جیاوازتر دەخەنەڕوو و دەڵێن، ژمارەی قوربانییان زۆر لەوە زیاترە.
 
محەممەد رەئیسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی سیستمی پزیشکیی ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، لە ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەدا نزیکەی 25 هەزار کەس بریندار بوون.
 
ئاژانسی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێ، تاوەکو ئەمڕۆ کوژرانی شەش هەزار و 961 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران پشتڕاست کراونەتەوە کە لەو ژمارەیە 178 کەسیان تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە و 214 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون و 62 کەسیان خەڵکی ئاسایی بوون کە لە خۆپێشاندانەکاندا بەشدارییان نەکردووە.
 
ئەو رێکخراوەیە دەڵێ، ناوی 11 هەزار و 465 کوژراوی دیکەیان بەدەست گەیشتووە کە ئێستا خەریکی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیانن؛ دەشڵی؛ لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە 51 هەزار و 465 کەس دەستگیرکراون.