سبەی پەرلەمانی ئێران لەبارەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، سبەی پەرلەمان لەبارەی دانوستاندنەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی شوباتی 2026، عەلی رەزا سەلیمی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "سبەی پەرلەمان لەسەر دوایین دۆخی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا دانیشتنێکی داخراو بەڕێوە دەبات."
عەلی رەزا سەلیمی گوتی: "بە ئەگەری زۆر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنەکەی پەرلەمان بەشدار دەبێت."
رۆژی هەینی 6ی شوبات، گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەنێوان تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو.
دانوستاندنەکەی مەسقەت لە کاتێکدا کرا کە ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە هەڕەشە لە بەرپرسانی تاران دەکات کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ''شتی خراپ'' روودەدات. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ''بە هێزی سەربازیی ئەوان لە ناوچەکە، ناترسێین. ئێمە لەگەڵ دیپلۆماسین، بەڵام شارەزای جەنگیشین.''
سەبارەت بە ئەنجامی دانوستاندنەکەی مەسقەت، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، گفتوگۆکان ''زۆر باش'' بوون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
عەباس عێراقچیش دەڵێ، هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە پێویستە کۆبوونەوەی داهاتوو بە زووترین کات بکرێ.
پار پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەڵام دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک لە مانگی حوزەیرانی 2025 جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روویدا و لە رۆژانی کۆتاییشدا ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد.