'رێبەری نوێی ئێران دیاریکراوە' و راگەیاندنی ماوە؛ کێ رایدەگەیێنێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی باڵای ئایینی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان رایدەگەیێنن، پڕۆسەی هەڵبژاردنی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی هاتووە و گەیشتوونەتە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە، بەڵام "هەندێک بەربەست" لەبەردەم راگەیاندنی ناوی کەسەکەدا ماون.
 
ئەحمەد عەلەمولهودا، نوێنەری وەلی فەقی لە پارێزگای خۆراسانی رەزەوی، رایگەیاند، "هەڵبژاردن لەبارەی رێبەرەوە ئەنجامدراوە و رێبەر دیاریکراوە. هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئەنجوومەنی شارەزایان هێشتا بڕیاری نەداوە، درۆی بێ بنەمان."
 
عەلەمولهودا جەختی لەوەش کردەوە، بەپێی دەستوور هیچ کەسێک، تەنانەت ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانیش، مافی ئەوەیان نییە بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بڕیارە بگۆڕن. ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا ئەرکی ئاشکراکردنی ناوی رێبەری نوێ لە ئەستۆی ئایەتوڵڵا حوسێنی بووشێهرییە، وەک بەرپرسی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی شارەزایان.
 
"بڕیاری زۆرینە دراوە، بەڵام بەربەست هەیە"
 
هاوکات، ئایەتوڵڵا میرباقری، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران، لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئەنجوومەنەکە بە زۆرینەی دەنگ گەیشتووەتە بڕیارێکی کۆتایی. میرباقری گوتی، "ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بە جیددی کاریان کردووە و بۆچوونێکی یەکلاکەرەوە کە بۆچوونی زۆرینەیە، هاتووەتە ئاراوە، بەڵام لەم بارودۆخەدا هەندێک بەربەست هەن کە دەبێت بە وردی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت."
 
میرباقری ئاماژەی بە هەستیاریی قۆناخەکە کرد و گوتی، "دەبێت ئەم بڕیارە وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی مشتومڕهەڵنەگر بمێنێتەوە، بۆیە پێویستمان بە وردبینیی زۆر هەیە. هیوادارم بە زووترین کات ئەو بەربەستانە لاببرێن و رێبەری نوێ رابگەیێندرێت."
 
بەڕێوەبردنی وڵات لە قۆناخی گواستنەوەدا
 
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، ئێستا کاروباری وڵات لەلایەن ئەنجوومەنێکی کاتییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم ئەنجوومەنە لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ غوڵامحوسێن موحسنی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و عەلیرەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان پێکهاتووە، تاوەکو ئەو کاتەی رێبەرە نوێیەکە بە فەرمی دەستبەکار دەبێت.