دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران بیسترا


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئێران بڵاویان کردەوە، جارێکی دیکە لە چەند ناوچەیەکی تاران دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا. هاوکات سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشێکی نوێی بۆسەر ژێرخانی سەربازیی ئێران دەستپێکردووە.
 
نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 08-03-2026، میدیای ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشێکی بەرفراوانی دیکە کراوەتە سەر تاران و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
 
هاوکات باسیان لەوەش کردووە کە لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای یەزدیش دوای بیستنی چەند تەقینەوەی بەهێز، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی کارا کراون.
 
تائێستا وردەکاریی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران ئاشکرا نەکراون، بەڵام کاژێرێک لەمەوپێش سوپای ئیسرائیل بە زمانی فارسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، کە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران دەستپێکردووە.
 
هێرشە نوێیەکە لەکاتێکدایە کە دوێنێ شەو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پاڵاوگەکانی نەوتی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی تاران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومان کران.
 
لە بەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
لە وەڵامدا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.