تاران؛ مووشەک کۆگاکانی سووتەمەنی دەسووتێنێت
رووداو دیجیتاڵ
چەند کۆگایەکی سەرەکیی نەوت و سووتەمەنی لە سێ ناوچەی جیاوازی تاران کرانە ئامانج و ئاگرێکی گەورە لەو ناوچانە کەوتەوە؛ بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و رێگە نەدراوە بگاتە پاڵاوگەکان.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی رابردوو 7ـی ئاداری 2026، هێرشە مووشەکییەکان گەڕەکەکانی (شەهران، ئەقدسییە و ڕەی)یان لە تاران کردووەتە ئامانج. سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا کۆگاکانی هەڵگرتنی نەوت و گازوایل پێکراون و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە باس لە پێکان یان سووتانی پاڵاوگە گەورەکان دەکەن.
بەرپرسێکی ئەمنی لە تاران بە میدیاکانی ناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاندووە: "سەرەڕای گەورەیی ئاگرەکە لە چەند کۆگایەکی نەوت، بەڵام تیمەکانمان رێگەیان نەدا ئاگرەکە بۆ پاڵاوگەکان تەشەنە بکات و ئێستا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە."
ئاستەنگەکانی بەردەم تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە
شارەزایانی بواری بەرگریی شارستانی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی زۆریی قەبارەی سووتەمەنییە گڕگرتووەکە، کوژاندنەوەی یەکجارەکیی ئاگرەکە ئەستەمە؛ بۆیە تیمەکان پلانی "کۆنترۆڵکردنی چواردەور" پەیڕەو دەکەن و ڕێگە دەدەن سووتەمەنیی ناو کۆگاکان وردە وردە بسووتێت و تەواو بێت، بۆ ئەوەی مەترسیی تەقینەوەی زیاتر دروست نەبێت.
رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە
لە گەڕەکی شەهران، گڕی ئاگرەکە گەیشتە نێو جۆگە و شەقامەکان، بەڵام تیمەکانی شارەوانی بە هاوکاری تیمەکانی پاڵاوگەکان، توانیان رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری بکەن. یەکێک لە رێکارە سەرەکییەکان، بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگری خۆڵ بوو، کە بە دروستکردنی بەربەستی خاکی، رێگەیان لە دزەکردنی شلەمەنییە سووتێنەرەکان گرت بۆ ناوچەکانی دیکە.
هەرچەندە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکان ئامادەن، بەڵام بەهۆی تینی گەرمای ئاگرەکە و مەترسیی بەردەوامی تەقینەوە، ناتوانن بە تەواوی لە چەقی ئاگرەکە نزیک ببنەوە. ئێستا سەرنجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر ئەوەیە کە ڕێگە نەدرێت هیچ پریشکێکی ئاگر بگاتە دامەزراوە هەستیارەکانی نزیک لە کۆگاکان.
هۆشداریی لە ترشەباران دەدرێت
سادق زیاییان، سەرۆکی ناوەندی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران رایگەیاند: "ئەوەی لە ئاسمانی تاران دەبینرێت تێکەڵەیەکە لە دووکەڵی چڕ و هەور، لەو ناوچانەی نزیکن لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان تاریکییەکە زیاتر هەستی پێدەکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمڕۆ و سبەی شەپۆلێکی بارانبارین تاران دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی باوە، دووکەڵەکە هەر لە ئاسمانی شارەکەدا دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی ئاگرەکان بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێن.
مانگی سووری ئێران هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەقینەوەی کۆگاکانی نەوت بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی قەبارەیەکی گەورە لە گازی ژەهراوی و گۆگرد بۆ نێو هەورەکان. مانگی سوور دەڵێت: "ئەو بارانەی دەبارێت، بارانێکی ترشی زۆر مەترسیدارە و دەبێتە هۆی سووتانەوەی پێست و تێکدانی کۆئەندامی هەناسەدان."
کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی سووتەمەنی
کۆمپانیای نیشتمانیی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران وردەکاریی نوێی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر ژێرخانی وزە بڵاودەکاتەوە و چەند بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی رادەگەیێنێت.
کۆمپانیاکە لە راگەیێنراوێکی نوێدا پشتڕاستی کردەوە کە شەوی شەممە چەند کۆگایەکی نەوت لە هەردوو پارێزگای تاران و ئەلبورز کراونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی. ئاماژە بەوەش دراوە کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و پێشتریش رێکاری پێویست گیرابووە بەر بۆ ئەوەی بڕی سووتەمەنیی هەڵگیراو لەو شوێنانە لە کەمترین ئاستدا بێت تاوەکو زیانەکان کەم بکرێنەوە.
بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی قەیران و دابینکردنی سووتەمەنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، کۆمپانیاکە بڕیاریدا:
1- لەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی هێرشەکان، بۆ ماوەیەکی کاتی بڕیی سووتەمەنیوەرگرتن سنووردار دەکرێت.
2- داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت تەنیا "کارتی سووتەمەنیی تایبەتی خۆیان" بەکاربهێنن.
3- ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە گاز کاردەکەن داوایان لێدەکرێت بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی، تەنیا گازی سروشتی بەکاربهێنن.