عەباس عێراقچی: رێگە بە کەس نادەین رۆڵی لە دیاریکردنی رێبەری باڵا هەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، رێگە بە هیچ لایەن و وڵاتێک نادەن دەستوەربداتە کاروباری دیاریکردنی رێبەری باڵای ئێران. ئاماژە بەوەش دەکات، لە جەنگی 12 رۆژەدا ئاگربەستیان قبووڵ کرد بۆ پێشاندانی نیەتێکی باش، بەڵام ئەم جارە جیاوازە. 

رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا سەبارەت بەوەی ئێستا کێ ئێران بەڕێوەدەبات؟ گوتی: "پەرلەمان، حکومەت و وەزارەتەکان لە ئەرکەکانیان بەردەوامن". 
 
عێراقچی سەبارەت بە دیاریکردنی رێبەری باڵای نوێی وڵاتەکەی گوتی:"کەس نازانێت کێ دەبێتە رێبەری باڵای نوێی ئێران و هەر کەسێک لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانەوە هەڵبژێردرێت دەبێتە رێبەر." ئاماژەی بەوەش کرد، "رێگە بە کەس نادەین دەستوەربداتە پرسی دیاریکردنی رێبەری باڵای نوێی ئێران". 
 
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو. 
 
بە گوێرەی دۆناڵد ترەمپ، لە جەنگەکەدا عەلی خامنەیی، ریبەری باڵای ئێران و 48 سەرکردەی دیکەی ئەو وڵاتەیان کوشتووە. 
 
عێراقچی: خۆمان بەدەستەوە نادەین 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گوتەکانی ترەمپ کە داوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێرانی لە جەنگەکەدا کردبوو، گوتی: "سەرۆک ترەمپ چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە پێویستە بێ مەرج خۆمان بەدەستەوە بدەین، بەڵام ئەوە ناکەین و بەرگری لەخۆمان دەکەین".
 
عێراقچی گوتی: "جاری رابردوو بۆ پێشاندانی نیەتێکی باش ئاگربەستمان پەسندکرد، بەڵام ئەمجارە جیاوازە". 
 
مەبەستی عێراقچی لە جاری پێشوو جەنگی 12 رۆژەی وڵاتەکەی بوو لەگەڵ ئیسرائیل لە حوزەیرانی رابردوودا. ئەو کاتیش سەرەتا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر ئەویش وەڵامی دایەوە. ئەو کات ئەمریکاش بۆ بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، ئیسفەهان، فوردۆ چووە نێو جەنگەکەوە. 
 
عێراقچی گوتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردوەتە سەر خەڵکی سڤیل و تاوەکو وەرگرتنی دڵنیایی وەستانی جەنگ بە تەواوی پێویستە لە جەنگ بەردەوام بین؛" گوتیشی: "پێش گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، پێویستە روونی بکەنەوە بۆ دەستیان بە هێرشەکە کرد، ئەوکات بیری لێدەکەینەوە". 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد ئەوان ویستی جەنگیان نەبووە و "جەنگەکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەسەرماندا سەپێندرا". 
 
عێراقچی: هێرشمان نەکردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێ 
 
لە سەرەتای جەنگەکەوە ئێران هێرشی کردوەتە سەر ژمارەیەک وڵاتی کەنداو، لەوانە کوێت، ئیمارات، سعودیە و قەتەر. وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو هێرشانەی بە هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئەو وڵاتانە ناوبرد وگوتی: "ئێران هێرشی نەکردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێی بەڵکو هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئەمریکیەکان لەو وڵاتانە". 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، "پێویستە سەرۆکی ئەمریکا داوای لێبووردن لە خەڵکی ناوچەکە و ئێران بکات بەهۆی ئەو وێرانکاریەی ناویەتییەوە". 
 
عێراقچی: هاوئاهەنگی سەربازیمان لەگەڵ رووسیادا هەبووە، هەیە و بەردەوامیش دەبێت 
 
لە رۆژی هەینییەوە میدیای ئەمریکی و ئیسرائیلی چەند راپۆرتیکیان بڵاوکردووەتەوە کە رووسیا هاوکاری سەربازی و هەواڵگری پێشکێشی ئێران کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل. 
 
عێراقچی دانی بەوەدا نەنا کە هاوکاری لەو جۆرەیان کرابێت، بەڵام گوتی، "هاوبەشی ستراتیژیمان لەگەڵ رووسیا هەیە و هاوئاهەنگی سەربازیمان لەگەڵ رووسیادا هەبووە، هەیە و بەردەوامیش دەبێت". وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "بەرپرسانی رووسیا  لە چەندین رووەوە هاوکارمانن".