مانگی سووری ئێران: تاوەکو ئێستا 9,670 شوێنی سڤیل کراونەتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا نۆ هەزار و 670 شوێنی سڤیل لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج. داواشی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو خاچی سووری نێودەوڵەتی، داواکاری گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ کرد، بەدواداچوون بۆ "پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا" بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، پیرحوسێن کولیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران سەردانی کۆگەیەکی نەوتی لە باکووری رۆژئاوای تاران کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بووە ئامانجی بۆردوومانی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و زیانێکی زۆری پێگەیشت.
پیرحوسێن کولیوەند دەڵێت: "یەکێک لە کۆگە سووتەمەنیەکانی تاران شەوی رابردوو هێرشیکرایە سەر و کرایە ئامانج، ئاگری گرتووە و تا ئێستاش دەسووتێت، جگە لەوەش، چەند ئامانجێک لە باشوور و رۆژهەڵاتی تارانیش هێرشیان کرایە سەر و بە تەواوی لەناوچوون. هەروەها ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی سووتەمەنی لە ناوچەکە ئاگریان گرت و لەناوچوون."
کولیوەند، ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد شوێن و ناوچە سڤیلەکان دەکەنە ئامانج و دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی دوژمن بانگەشەی ئەوە دەکات تەنیا ناوچە سەربازییەکان دەکاتە ئامانج، بەڵام درۆ دەکات. تاوەکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار و 670 ناوچە و شوێنی سڤیل کراونەتە ئامانج، لەوانە 7 هەزار و 943 یەکەی نیشتەجێبوون، هەزار و 617 یەکەی بازرگانی، 32 ناوەندی تەندروستی لەوانەش نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان، 65 قوتابخانە کە بەتەواوی خاپوور بوون، هەروەها 12 لقی مانگی سوور لەخۆدەگرێت."
بەڵام ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاگادارییەکی بۆ خەڵکی ئێران راگەیاند: "رژێمی ئێران شوێنە قەرەباڵخەکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی بەکاردێنێت.''
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران هەروەها دەڵێت: "لە هێرشەکاندا، حەوت کارمەندی مانگی سوور لەکاتی دابینکردنی فریاگوزاری و رزگارکردنی بریندارەکان راستەوخۆ کرانە ئامانج و برینداربوون. هەروەها 11 کەس لە کەرتی تەندروستی شەهید بوون و 33 کەسی دیکەی سەر بە کەرتی تەندروستی لە کاتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان کرانە ئامانج. ژمارەیەک ئامبولانس و ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی مانگی سووریش راستەوخۆ لەلایەن مووشەکەکانەوە لە کاتی هەوڵەکانی فریاگوزاریدا کرانە ئامانج و بە تەواوی لەناوچوون."
پیرحوسێن کولیوەند داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو خاچی سووری نێودەوڵەتی، داواکاری گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ کرد، بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکەن.
لەوبارەیەوە کولیوەند گوتی: "ئەم کارانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکان مرۆڤە. هەموو ئەم پێشێلکاریانەم بە نامەیەکی نووسراو و بە بەڵگەوە بۆ سەرۆکی لیژنەی خاچی سوور و سەرۆکی فیدراسیۆنی خاچی سوور و داواکاری گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان، ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەم ناردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیانە بکرێت و ئەم دامەزراوانە رۆڵ بگێرن."
جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران پێ ناوەتە نۆیەم رۆژەوە کە لە 28ـی شوبات بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل.
ئاماری زیانەکان بەپێی مانگی سووری ئێران
• یەکەی نیشتەجێبوون: 7,943 یەکە.
• یەکەی بازرگانی: 1,617 یەکە.
• ناوەندی پەروەردەیی (قوتابخانە): 65 ناوەند.
• ناوەندی دەرمان و تەندروستی: 32 ناوەند.
• بنکەکانی مانگی سوور: 13 بنکە.
زیانی ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان
بەپێی راپۆرتەکە، 28 ئامێری فریاگوزاری تێکشکاون یان زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە:
• 15 ئۆتۆمبێلی ئۆپەراسیۆن و فریاکەوتن.
• 13 ئەمبوڵانسی سەر بە مانگی سوور و فریاکەوتنی خێرا.
ئەم راپۆرتەی مانگی سووری ئێرانی لەژێر ناونیشانی "ئاماری تاوانەکانی جەنگی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی دژی سڤیلەکانی ئێران" بڵاوکراوەتەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو گرژییە سەربازییانەی لە ناوچەکەدا لە ئارادان.
بەپێی راپۆرتەکە، 28 ئامێری فریاگوزاری تێکشکاون یان زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە:
• 15 ئۆتۆمبێلی ئۆپەراسیۆن و فریاکەوتن.
• 13 ئەمبوڵانسی سەر بە مانگی سوور و فریاکەوتنی خێرا.
ئەم راپۆرتەی مانگی سووری ئێرانی لەژێر ناونیشانی "ئاماری تاوانەکانی جەنگی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیستی دژی سڤیلەکانی ئێران" بڵاوکراوەتەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو گرژییە سەربازییانەی لە ناوچەکەدا لە ئارادان.