ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران: رێبەری نوێ هەڵگری ناوی خامنەیی دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران دەڵێت، رێبەری نوێی وڵاتەکەی هەڵگری ناوی خامنەیی دەبێت و بەم زووانەش ناوەکەی بڵاودەکریتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، حوسێن عەلی ئەشکەڤیری، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران لە پەیامیکی ڤیدیۆیدا گوتی: "ناوی خامنەیی بەردەوام دەبێت. دەنگی لەسەر دراوە و هیوادارم بەم زووانە رابگەیێندرێ". 
 
رۆژی 28ـی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران. ئەو رۆژە هەردوولا کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانیان راگەیاند و رۆژێک دواتر تارانیش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. 
 
گوتەکانی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران ئاماژەکردنە بەوەی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی دەبێتە رێبەری باڵای ئێران. ئەنجوومەنی شارەزایان کە 88 ئەندامی هەیە، بەرپرسە لە دیاریکردنی رێبەری نوێی ئێران. 
 
چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە دەبێت رۆڵی لە دیاریکردنی سەرکردەی داهاتووی ئێران هەبێ، بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، "کەس ناتوانێت دەستوەردان بکات لە دیاریکردنی رێبەری نوێی" وڵاتەکەی. 

 

 
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو قبووڵی ناکات موجتەبا ببێتە ریبەری ئێران. سوپای ئیسرائیلیش بڵاویکردووەتەوە، هەر کەسێک بە رێبەری نوێی ئێران دیاریبکرێت بە ئامانجی دەگرن. 
 
موجتەبا هیچ پۆستێکی فەرمی نەبووە. ئەوە لە کاتێکدایە، باوکی لەنێوان ساڵانی 1981 بۆ 1989 سێیەم سەرۆککۆماری ئێران بوو پێش ئەوەی ببێتە رێبەر. لە رووی ئایینییەوە، موجتەبا – وەک باوکی پێش ئەوەی ببێتە رێبەری باڵا – تەنیا پیاوێکی ئایینیی پلە مامناوەندە، هەرچەندە لە حەوزەی زانستیی ناوداری قوم وانەی ئایینی دەڵێتەوە. 
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگەی کارنیگیی ئەمریکی، ئەگەر موجتەبا ببێتە رێبەری باڵا، پێویستە ئەنجوومەنی شارەزایان پلەکەی بۆ "ئایەتوڵڵای مەزن" بەرز بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر مەرجە ئایینییە پێویستەکانیشی تێدا نەبێت. ئەم هەنگاوە بێ وێنە نییە و لە ساڵی 1989دا دەستوور هەموارکرایەوە بۆ ئەوەی هەمان کار بۆ باوکی بکرێت.
 
هەڵبژاردنی موجتەبا وەک رێبەری داهاتوو، تا رادەیەک بەستراوەتەوە بە نزیکیی ئەو لە دەزگا ئەمنییەکان، بەتایبەت سوپای پاسداران و هێزی بەسیج. لە دوای خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی 2009 موجتەبا هاوئاهەنگییەکی نزیکی لەگەڵ بەسیجدا کرد بۆ ئەوەی یارمەتیی باوکی و دەسەڵات بدات لە رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران.