جێگری ئەمنیی پارێزگاری ئەسفەهان: لە هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا 11 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
جێگری ئەمنیی پارێزگاری ئەسفەهان رایدەگەیێنێت، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر چەند شارێکی پارێزگای ئەسفەهان، 11 هاووڵاتی کوژاون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
ئەکبەر ساڵحی، جێگری ئەمنیی پارێزگاری ئەسفەهان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لەو هێرشانەدا ژمارەیەک کارگەی بەرهەمهێنان و یانەیەکی ئەسپسوارییش زیانی ماددییان بەرکەوتووە.
بە گوتەی جێگری ئەمنیی پارێزگاری ئەسفەهان، ئەو هێرشانە هەشت شاری پارێزگاکەیان گرتووەتەوە کە بریتین لە: ئەسفەهان، نەجەفئاباد، ئاران و بیدگۆل، بەرخوار، خومەینیشار، شەهرەزا، فەلاوەرجان و موبارەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزی گرژی و ئاڵۆزیدایە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان تاران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە قۆناخێکی نوێدان.