عێراقچی بۆ ئەمریکا: یان ئاگربەست یان بەردەوامیى جەنگ
رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت لەنێوان ئاگربەست لەگەڵ تاران یان بەردەوامیی جەنگ لە رێگەی ئیسرائیلەوە یەکێکیان هەڵبژێرێت و جەختی کردەوە کە واشنتن ناتوانێت هەردووکیانی هەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 08-04-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، مەرجەکانی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا روون و ئاشکران.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمریکا دەبێت هەڵبژێرێت؛ ئاگربەست یان بەردەوامیی جەنگ لە رێگەی ئیسرائیلەوە. ناتوانێت هەردووکیانی هەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە "جیهان کۆمەڵکوژییەکان لە لوبنان دەبینێت" و گوتی: "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە و جیهان چاودێری دەکات تاوەکو بزانێت ئایا واشنتن پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت یان نا."
ئەو لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە تاران نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەربڕیوە، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی 2 هەفتەیی رێککەوتن تاوەکو رێگە بۆ دانوستانەکانی رۆژی هەینی لە ئیسلام ئاباد خۆش بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە رێککەوتنەکە لوبنان ناگرێتەوە و هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل گەورەترین هێرشی ئەنجامدا و لە ماوەی تەنیا 10 خولەکدا 100 ئامانجی حیزبوڵڵای لە بەیروت و ناوچەکانی دیکە پێکاوە.
جەنگی ئێران کە لە لە 28ـی شوباتەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1,530 کەس لە لوبنان و ئاوارەبوونی زیاتر لە 1,200,000 کەسی دیکە.