کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەستەکەی ئەمریکا و ئێران
رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران رەزامەندییان نیشاندا لە سەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی، لە کاتێکدا هەردوولا بانگەشەی سەرکەوتن دەکەن. ئەم هەواڵە شەپۆلێکی کاردانەوەی ئەرێنی و هۆشداریی لە سەرانسەری جیهاندا لێکەوتەوە.
عێراق: داواکاری بۆ دیالۆگێکی جیدی
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکات، بەڵام داوای "دیالۆگێکی جیدی و بەردەوام"ی لە نێوان ئەمریکا و ئێران کرد. وەزارەتەکە رایگەیاند، "پێویستە سوود لەم هەنگاوە ئەرێنییە وەربگیرێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی وا کە کێشەکان لە ریشەوە چارەسەر بکات و متمانەی دوولایەنە بەهێز بکات."
نەتەوە یەکگرتووەکان: رێگەیەک بەرەو ئاشتیی گشتگیر
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستەکە کرد، بەڵام داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کار بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن بکەن.
گوتەبێژەکەی گوتێرێز رایگەیاند، "سکرتێری گشتی داوا لە هەموو لایەنەکانی جەنگەکە دەکات پابەندی ئەرکەکانیان بن بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مەرجەکانی ئاگربەست جێبەجێ بکەن، تاوەکو رێگە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و گشتگیر لە ناوچەکەدا خۆش بێت."
ئوسترالیا: نیگەرانی لە تێچووە مرۆیی و ئابوورییەکان
حکومەتی ئوسترالیا هۆشداری دا، هەرچەندە جەنگ درێژە بکێشێت، کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر ئابووریی جیهان و تێچووە مرۆییەکان گەورەتر دەبن.
نووسینگەی ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، ئوسترالیا دەیەوێت ئەم ئاگربەستە بپارێزرێت و ململانێکان چارەسەر بکرێن، "ئێمە بەردەوامین لە بانگەوازکردن بۆ پاراستنی ژیانی سڤیلەکان و پەیڕەکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان."
نیوزلاند: کارێکی زۆر ماوە بۆ ئاشتی
نیوزلاند وێڕای پێشوازیکردن لە ئاگربەستەکە، هۆشداری دا، هێشتا "کارێکی یەکجار زۆر" ماوە بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی.
گوتەبێژی وینستن پیتەرز، وەزیری دەرەوە گوتی، "هەرچەندە ئەمە هەواڵێکی هاندەرە، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا پێویستمان بە هەوڵی جیدی هەیە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی. نیوزیلاند پشتگیری لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە."
ژاپۆن: داوای هەنگاوی یەکلاکەرەوە لە تەنگەی هورمز
حکومەتی ژاپۆن جەختی کردەوە، پێویستە "هەنگاوی یەکلاکەرەوە" بنرێت بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکە، بەتایبەتی مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان بە ناو تەنگەی هورمزدا.
ژاپۆن کە چوارەم گەورە ئابووریی جیهانە و پێنجەم گەورە هاوردەکاری نەوتە، پێش جەنگ 70%ی نەوتەکەی لە رێگەی ئەم تەنگەیەوە بۆ دەهات. مینۆرو کیهارا، گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن گوتی، "گرنگترین شت مسۆگەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانییە لە تەنگەی هورمز و هیوادارین لەرێگەی دیپلۆماسییەوە هەرچی زووە بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
پاکستان و ئیسرائیل؛ ناکۆکی لە سەر "بەرەی لوبنان"
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی نێوەندگیری سەرەکی بوو رایگەیاند، ئاگربەستەکە "هەموو شوێنێک" دەگرێتەوە بە لوبنانیشەوە. شەریف گوتی: "خۆشحاڵم رابگەیێنم کە ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان رێککەوتوون لە سەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە هەموو شوێنێک بە لوبنانیشەوە، کە رێک لەم ساتەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
بەڵام، حکومەتی ئیسرائیل دواتر ئەم قسانەی رەتکردەوە و بە راشکاوی رایگەیاند، "ئەم ئاگربەستە دوو هەفتەیییە لوبنان ناگرێتەوە."