قالیباف سەرپەرشتیی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێ، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەی سەرپەرشتیی شاندی دانوستاندنکاری ئێران لەگەڵ ئەمریکا دەکات، کە بە نێوەندگیریی پاکستان بەڕێوەدەچێت.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 08-04-2026، ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردەوە، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی لە گفتوگۆکانی رۆژی هەینی لەگەڵ ئەمریکا دەکات.
بەگوێرەی ئەو میدیایەی ئێران، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش سەرپەرشتیی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی دەکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ واشنتن و تاران رەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی نیشاندا تاوەکو هەوڵ بدەن بە نێوەندگیریی پاکستان رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن واژۆ بکەن.
بڕیارە گفتوگۆکان رۆژی هەینی 10ـی نیسانی 2026، لە ئیسلامئابادی پاکستان دەستپێبکەن.