زیانەکان و تێچووی جەنگی ئێران لە 39 رۆژدا


رووداو دیجیتاڵ

لە 39 رۆژی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زیانێکی گیانی و مادیی زۆر بەر هەر سێ وڵات کەوتووە، لە ئێران زیانی گیانی و مادیی زۆر زیاترن لە ئەمریکا و ئیسرائیل، لەو دوو وڵاتەش تێچووی جەنگەکە زۆر لەسەریان کەوتووە.
 
پسپۆڕانی سەربازیی ئەمریکایی، قسەیان بۆ رۆژنامەی 'فاینانشیاڵ تایمز' کردووە و دەڵێن، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، رۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار لەسەر واشنتن کەوتووە، ئەوەش جیا لە زیانە گەورەکانی بواری کەرەستەی سەربازی، سیستمی رادار و فڕۆکە جەنگییەکان.
 
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەکە، کارە سەربازییە بەردەوامەکان لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، واتە دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، لە ماوەی 5 هەفتەدا تێچووەکەی گەیشتووەتە نێوان 22.3 بۆ 31 ملیار دۆلار. هەروەها لەو ماوەیەدا 13 هاووڵاتی و سەربازی ئەمریکایی لە هێرشەکاندا کوژراون و زیاتر لە 300ـی دیکەش بریندار بوون.
 
تێچووی شەڕ؛ رۆژانە زیاتر لە نیو ملیار دۆلار
 
ئیلین ماکوسکر، بەرپرسی پێشووی بودجە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندووە، تێچووی رۆژانەی هەڵمەتە سەربازییەکە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار بووە. ئەم بڕە پارەیە تێچووی ناردنی هێزی زیادە و کەرەستەی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە لەخۆ دەگرێت.
 
2-3 ملیار دۆلار بۆ چاککردنەوەی ئامێر و کەرەستەکان
 
بەپێی مەزەندەکان، تەنیا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەرەستە سەربازییە تێکشکاوەکان و چاککردنەوەی زیانەکانی ناو گۆڕەپانی جەنگ، ئەمریکا پێویستی بە 2.1 بۆ 3.6 ملیار دۆلارە. 
 
لەنێو زیانەکاندا، چاککردنەوەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" هەیە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لەکارکەوتووە، لەگەڵ چاککردنەوەی سیستمێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ مووشەکی بالیستی لە قەتەر کە بەهۆی درۆنەوە زیانی بەرکەوتووە.
 
زیانی کەرەستە سەربازییەکان
 
ئێران لە هێرشەکانیدا سەرنجی خستبووە سەر سیستمەکانی رادار و پەیوەندییەکان لە بنکە ئەمریکاییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها فڕۆکە سووتەمەنی هەڵگرەکان رێ بۆ فڕۆکە جەنگییەکان خۆش دەکەن هێرشی دوورمەودا بکەن.
 
یەکێک لە زیانە گەورەکان، پێکانی فڕۆکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی "بۆینگ E-3" بووە لە بنکەی "ئەمیر سوڵتان" لە نزیک ریاز، کە تێچووی کڕینەوەی فڕۆکەیەکی لەو شێوەیە زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلارە. هەروەها چەندین سیستەمی راداری پێشکەوتووی جۆری "AN/TPY-2" لە ئوردن، قەتەر و سعودیە زیانیان بەرکەوتووە.
 
لە بواری فڕۆکەوانیشدا، چەندین درۆنی جۆری "MQ-9 Reaper" خراونەتە خوارەوە، هەروەها فڕۆکەیەکی جەنگیی "F-15E" لە باشووری رۆژئاوای ئێران کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەیەکی جۆری "A-10"ـیش لە کەنداو تێکشکاوە.
 
سیستمی رادار و گوشارەکان
 
راداری "AN/TPY-2" بەشێکی سەرەکییە لە سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئەمریکایی ناسراو بە  تاد (THAAD)، کە تێچووی هەر یەکەیەکی نزیکەی 485 ملیۆن دۆلارە. دروستکردنی رادارێکی نوێ لەم جۆرە نزیکەی 3 ساڵی دەوێت، ئەمەش وای کردووە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان زۆر ئەستەم بێت.
 
بەهۆی ئەم زیانە گەورانەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوای 200 ملیار دۆلاری زیادەی لە کۆنگرێس کردووە بۆ داپۆشینی تێچووی کارە سەربازییەکان. 
 
پسپۆڕان دەڵێن، گواستنەوەی سیستمی بەرگریی مووشەکی لە کۆریای باشوورەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نیشانەی ئەو گوشارە زۆرەیە کە لەسەر سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا دروستبووە.
 
ئەمریکا لە جەنگی ئێران دا زیاتر لە جەنگی 2003ی عێراق مووشەکی تۆماهۆکی بەکارهێناوە
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) کە پشت بە داتاکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و توێژینەوەکانی کۆنگرێس دەبەستێت، لەم ئۆپەراسیۆنەی ئێستادا تاوەکو ئێستا 850 مووشەکی تۆماهۆکی مەودادوور ئاراستەی ئێران کراون.
 
ئەم ژمارەیە تێپەڕاندنی ئەو 802 مووشەکەیە کە لە ساڵی 2003 و لە سەرەتای عێراقدا بەکارهێنرابوون.
 
ئەم ئامارەی بڵاوکراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1991ەوە تاوەکو ئێستا روون دەکاتەوە. دوای ئۆپەراسیۆنی ئێران و جەنگی 2003ی عێراق، پلەکانی دیکە بەم شێوەیەن:
 
شەڕی عێراق (1998): 325 مووشەک. 
گەردەلوولی بیابان (1991 - کەنداو): 288 مووشەک.
جەنگی یوگسلاڤیا (1999): 2018 مووشەک.
هێرشی سەر لیبیا (2011): 199 مووشەک.
هێرشی سەر یەمەن (2024-2025): 135 مووشەک.
 
مووشەکی تۆماهۆک، مووشەکێکی کروزی وردی نزمفڕە، کە هێزی دەریایی و وشکانیی ئەمریکا بۆ چەندین دەیەیە بۆ پێکانی ئامانجە ستراتیژییە قایمکراوەکان لە مەودایەکی زۆر دوورەوە پشتی پێ دەبەستن.
 
ناوەندی CSIS ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارە ئەم ساڵ 190 مووشەکی دیکەی تۆماهۆک رادەستی سوپا و هێزی مارێنزی ئەمریکا بکرێن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە رەنگە هێرشەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن.
 
کوژرانی خەڵکی سڤیل لە ئێران
 
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) دەڵێ: تەنیا لە یەک مانگدا (لە 28ی شوبات تاوەکو 30ی ئادار)، زیاتر لە دوو هەزار و 100 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 27 هەزار و 900 کەسیش بریندار بوون.
 
هەروەها باس لەوە کراوە کە سێ ملیۆن و 800 هەزار کەس بەهۆی ئەم جەنگەوە راستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە. ئۆچا پاڵپشت بە زانیارییەکانی مانگی سووری ئێرانی رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 115 ژێرخانی مەدەنی و 763 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە.
 
زیانەکانی ئێران و ژێرخانەکەی
 
ئێران لە کاتێکدا دەچێتە نێو قۆناخی ئاگربەستەوە کە توانایەکی زۆری سەربازی و ژێرخانی ستراتیژیی لەدەستداوە. بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، بەشێکی زۆری کۆگەکانی مووشەک و درۆنەکانی تاران تێکشکێنراون و رۆڵی گرووپە بریکارەکانیشی لە ناوچەکەدا لاواز بووە.
 
مەزەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتن توانیویەتی نزیکەی سێیەکی جبەخانەی مووشەکیی ئێران تێکبشکێنێت، لە کاتێکدا چارەنووسی بەشێکی زۆری مووشەکەکانی دیکە بە نادیاری ماوەتەوە.
 
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز"، پێدەچێت بەشێکی دیکەی مووشەکەکان لە ئەنجامی هێرشەکاندا لەناو تونێل و دامەزراوەکانی ژێر زەویدا تێکشکابن یان ژێرخاک کەوتبن. هەمان دۆخ بۆ پرۆگرامی درۆنیش راستە، کە پشتڕاستکراوەتەوە نزیکەی سێیەکی تواناکانیان لەنێوچووە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار پێگەی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، زیاتر لە 66%ـی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک، درۆن و کەشتییەکان تێکشکێنراون یان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها نزیکەی 92%ـی کەشتییە جەنگییە گەورەکانی هێزی دەریایی ئێران نوقم کراون.
 
سەرەڕای ئەم زیانانە، هەڵسەنگاندنە ئەمریکییەکان رووبەڕووی زەحمەتی بوونەتەوە، چونکە بە وردی نازانرێت پێش شەڕەکە قەبارەی جبەخانەی ئێران چەند بووە و زۆربەی مووشەکەکانیش لەناو تۆڕێکی فراوانی توونێلەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
 
دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم مەزەندە دەکات کە بەشێکی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران برابێتە ناو دامەزراوەکانی ژێر زەوی. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە چارەنووسی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% کە لە دوو پێگەی سەربازیدا لە ژێر زەوی شاردراونەتەوە، گوتی: "ئەو بابەتە چیدیکە جێی نیگەرانیی نییە، ئێمە هەمیشە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێرییان دەکەین." ترەمپ جەختی کردەوە کە کێشەی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بووە.
 
لە ئێران زیان بەر 120 هەزار خانوو، دووکان و شوقە کەوتووە
 
بەپێی ئاماری مانگی سووری ئێران، نزیکەی 120 هەزار خانوو، شوقە و دووکان، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
ئەو یەکانەشی تەنیا پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە و چاکسازییە، حکومەت 9 ملیۆن تاوەکو 18 ملیۆن تمەن وەک هاوکاری بێبەرامبەر پێشکێشی خاوەن ماڵەکان دەکات.
 
عەبدولجەلال ئیری، گوتەبێژی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە  700 ملیۆن تمەن وەک پێشینەی نیشتەجێبوون بداتە ئەو خێزانانەی لە شارەکاندا ماڵەکانیان زیانی بەرکەوتووە، هەروەها 300 ملیۆن تمەنیش بۆ دانیشتووانی گوندەکان تەرخانکراوە.
 
هێرشکردنە سەر پرد و هێلەکانی ئاسن لە ئێران
 
لە 39یەمین رۆژی جەنگەکەدا، چەندین شار و شارۆچکەی پارێزگاکانی خووزستان، هورمزگان و بووشەهر لە باشووری ئێران؛ پارێزگاکانی ئەسفەهان و قوم لە ناوەندی ئێران؛ پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز و زەنجان لە باکوور و تەورێز لە باکووری رۆژئاوای ئێران بۆردوومان کران.
 
بۆردوومانەکە زیاتر بۆ سەر پرد و هێڵەکانی ئاسن و رێگە ستراتیژی و سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی ئێران بوو.
دوێنێ سێشەممە، هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر تارانی پایتەختی ئێران، بەتایبەت ناوچەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا. لە شاری رەی لە ناوەندی پارێزگای تاران، پردی "سورخەحەسار" کرایە ئامانج کە هێڵی شەمەندەفەری بەسەردا تێدەپەڕێت. 
 
هەروەها لە ناوچەیەکی شاری شەهریاری سەر بە پارێزگای تاران، هێرشێک ئەنجامدرا؛ بەگوتەی مانگی سووری ئێران، زیاتر لە 9 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون.
 
هەروەها لە پارێزگای زەنجان، پردی شەمەندەفەری نێوان شارەکانی زەنجان - میانە لە دووریی 335 کیلۆمەتر لە تاران کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە هێڵی شەمەندەفەری تەورێز - تاران پەکیکەوت.
 
 هەر لەو بۆردوومانانەدا، هێڵی ئاسنیی کەرەج لە پارێزگای ئەلبورز پێکرا؛ بەهۆی هێرشەکانی سەر ئەو پارێزگایە، کارەبای رۆژهەڵاتی شاری کەرەج و کارەبای شاری پەردیس بڕا. 
 
هەروەها لە کاژێر 14:00 هێرش کرایە سەر پردێکی سەرەکیی ئۆتۆبانی تەورێز - تاران کە پارێزگای تەورێز بە زەنجان، ئەلبەرز و تاران دەبەستێتەوە.
 
لە شاری کاشانی پارێزگای ئەسفەهان، پردی هێڵی ئاسنیی "یەحیائاباد" کرایە ئامانج؛ بەرپرسانی شارەکە گوتیان، بەهۆی هێرشەکەوە لانیکەم 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3ی دیکەش بریندار بوون.
 
لە کاژێر 12:20ـەوە تاوەکو نزیک دوای نیوەڕۆ، چەندین جار هێرش کرایە سەر دوورگەی خارگی پارێزگای بووشەهر. هاوکات لە کاژێر 13:00 چەندین شوێن لە شارەکانی ئەهواز، خوڕەمشار، دێزفوول و دوورگەی مینۆی پارێزگای خووزستان کرانە ئامانج.
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەو پارێزگایە زیانەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام پارێزگاری خووزستان دڵنیایی داوە کە هێرش نەکراوەتە سەر پردی ئەهواز کە هەردوو دیوی شارەکە پێکەوە دەبەستێتەوە.
 
لە پارێزگای قوم، کاژێر 13:10 هێرش کرایە سەر پردێکی سەرەکی کە رۆژئاوای پارێزگاکە بە ناوەندی شارەکەوە دەبەستێتەوە. هەر دوانیوەڕۆی سێشەممە، دەنگی دەیان تەقینەوە لە شاری بەندەرعەباسی پارێزگای هورمزگان بیسترا.