سوپای پاسداران: درۆنێکی ئیسرائیلیمان لە پارێزگای فارس خستەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، درۆنێ ئیسرائیلیمان لە ئاسمانی پارێزگای فارس خستووەتە خوارەوە.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 سوپای پاسداران رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە شاری لار لە پارێزگای فارس کارا کراون و توانیویانە بە "سەرکەوتوویی" درۆنێکی ئیسرائیلی لە جۆری هێرمس بخەنە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، درۆنی Hermes900یەکێکە لە گرنگترین درۆنەکانی تەلئەڤیڤە کە لە لایەن کۆمپانیای ''ئێلبیت سیستم''ـی ئیسرائیلییەوە دروست کراوە. درۆنەکە لە دوو جۆری ''هێرمس 450'' و ''هێرمس 900''ـدا خراونەتەڕوو و توانای کۆکردنەوەی زانیاری و بە ئامانجگرتنیان هەیە.
سوپای پاسداران جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هاتنە ناوەوەی هەر جۆرە درۆنێکی دوژمنی ئەمریکی یان بۆ ئاسمانی تەنانەت بەبێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیش بە پێشێلکردنی ئاگربەست دادەنرێت و وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەدرێتەوە.
راگەیندراوەکەی سوپای پاسداران لە کاتێک دایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند لە سەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێکەوتوون و هێرش و بۆردوومانەکان دەوەستن.
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ کاردانەوە و لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی خستنەخوارەوەی ئەو درۆنە بڵاونەکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە جیاجیاکانی سوپای ئێران و سوپای پاسداران، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 172 درۆنی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خراونەتە خوارەوە.