سەرچاوەیەک بۆ میدیای ئێران: لە هێرش بۆ سەر لوبنان بەردەوام بن لە ئاگربەست دەکشێینەوە

رووداو دیجیتاڵ

 میدیای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئێران ئەگەری کشانەوە لە ئاگربەست تاوتوێ دەکات ئەگەر ئیسرائیل لە پێشێلکرنی ئاگر بەست و هێرشەکەی بۆ سەر لوبنان بەردەوام بێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری سەرچاوەیەک رایگەیاند: "راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان و لەوانەش بەرەی مقاومە لە لوبنان، لە پلانی دوو هەفتەی ئاگربەستدا لەلایەن ئەمریکاوە قبووڵ کرا، بەڵام لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست هێرشی دڕندانەی دژ بە لوبنان ئەنجامدا."
 
 بە گوێرەی ئاژانسەکە، "هاوکات لەگەڵ تاوتوێ کردنی ئەگەری کشانەوەی ئێران لە ئاگربەست، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەمان ئامادەی دیاری کردنی ئامانجەکانن بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژیی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان."
 
 سەرچاوەکە بە تەسنیمی گوتووە، "ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت سەگەکانی لە ناوچەکەدا کۆنتڕۆڵ بکات، ئێران لەم رووەوە بە شێوەیەکی نائاسایی یارمەتی دەدات،  بە زەبری هێز."
 
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ شارۆچکەی (سریفا)یان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد و ئیسرائیل دەڵێت، کە باشووری لوبنان بەشێک نییە لەو ئاگربەستە. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند، لە سەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێکەوتوون و هێرش و بۆردوومانەکان دەوەستن.