ئێران بۆ تێپەڕبوونى هەر بەرمیلێک نەوت لە هورمز داواى 1 دۆلار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئێران بە نیازە لە ماوەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەیدا لەگەڵ ئەمریکا، باج بخاتە سەر ئەو کەشتییانەی لە تەنگەی هورمزەوە تێدەپەڕن و داوا دەکات بۆ هەر بەرمیلێک نەوت بڕی یەک دۆلار بە دراوی دیجیتاڵی بدەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026 حەمید حوسێنی، گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوت، غاز و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران بە رۆژنامەی "فاینانشێڵ تایمز"ی راگەیاند، هەر کەشتییەک بیەوێت لە تەنگەکە تێپەڕێت، دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک نەوت هاوتای یەک دۆلار بە دراوی دیجیتاڵی بدات. 
 
حوسێنی ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکان دەبێت لە رێگەی ئیمەیڵەوە دەسەڵاتدارانی ئێران لە جۆری بارەکەیان ئاگادار بکەنەوە.
 
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ناردنکارانی نەوتی ئێران روونیکردەوە، دوای هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان، چەند چرکەیەکیان پێ دەدرێت تاوەکو پارەکە بە "بیتکۆین" بدەن، ئەمەش بۆ ئەوەی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە شوێنپێی پارەکە هەڵنەگیرێت و دەستی بەسەردا نەگیرێت. 
 
حوسێنی جەختی کردەوە کە ئەم رێوشوێنە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی "چەک" بە تەنگەکەدا تێپەڕ نەبێت و گوتی: "هەموو شتێک دەتوانێت تێپەڕێت، بەڵام رێکارەکان بۆ هەر کەشتییەک کات دەخایێنێت و ئێران پەلەی نییە."
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کە بیر لە دروستکردنی "پڕۆژەیەکی هاوبەش" لەگەڵ ئێران دەکەن بۆ دانانی باجی تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز. 
 
ترەمپ بە تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"ی راگەیاند: "ئێمە بیر لەوە دەکەینەوە وەک پڕۆژەیەکی هاوبەش ئەنجامی بدەین. ئەمە رێگەیەکە بۆ پاراستنی تەنگەکە و هەروەها پاراستنی لە زۆر کەسی دیکە، ئەمە شتێکی جوانە."
 
تەنگەی هورمز رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتە لە جیهاندا و لە دەستپێکى جەنگی ئێرانەوە بە کردەیی داخرابوو، ئەمەش بووە هۆی شۆکێکی گەورە بۆ ئابووریی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار. 
 
دۆناڵد ترەمپ شەوی سێشەممە رایگەیاند، کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران رادەگرن، ئەمەش وایکرد نرخەکان تاوەکو ئاستێک دابەزن.
 
پەککەوتنی گەشتە کەشتیوانییەکان لە هورمز، وایکردووە تەنانەت ئەم پێشنیازە بۆ باجدان بە بیتکۆین، وەک دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی جووڵە بۆ بازاڕی وزە ببینرێت.