تەندروستیی ئێران: لەم جەنگەدا 257 ژن و 220 منداڵ کوژراون


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری کوژراو و بریندارانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار و 900 ژن بریندار بوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، تەندروستی و فێرکاریی پزیشکیی ئێران راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، چوار هەزار و 989 ژن بریندار بوون. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هەزار و 997 منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و 70 منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ لەنێو بریندارەکاندا هەن.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە زۆربەی قوربانییەکان لە پارێزگاکانی تاران و هورمزگان بوون. سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی بریندارەکانیش، وەزارەتەکە دەڵێت: "تاوەکو ئێستا 30 هەزار و 205 کەس چارەسەر کراون و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، 518 نەخۆش هێشتا لە چاودێری پزیشکیدان و هەزار و 252 نەشتەرگەریی جۆراوجۆریش بۆ بریندارەکان کراوە."
 
کارمەندانی تەندروستی و تیمەکانی فریاکەوتنیش لەو شەڕەدا زیانیان بەرکەوتووە؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 26 کارمەندی تیمەکانی تەندروستی کوژراون و 118 کارمەندی دیکەش برینداربوون.
 
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا وردەکاریی کوژراوانی سڤیل خراوەتەڕوو، کە تێیدا هاتووە 257 ژن، 220 منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و 18 منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ کوژراون.
 
تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێک لە سەر کۆی گشت کوژراو و بریندارەکانی جەنگەکە بڵاو نەکراوەتەوە.
 
جەنگەکە لە 28 شوبات دەستی پێکرد و بەرەبەیانی 8ی نیسان ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند، لە سەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێکەوتوون و هێرش و بۆردوومانەکان دەوەستن.