وەزیری نەوتی ئێران: هەناردەی نەوت بەردەوامە و زیادیشی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، سەرەڕای سزا تووندەکان، هەناردەی نەوت لە بەرزترین ئاستدا بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 8ی ئایاری 2025، موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران لە کاتی کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتیی نەوت و گاز لە تاران رایگەیاند، "هەناردەکردنی نەوت سەرەڕای سزاکان لە بەرزترین ئاستدا بەردەوامە و ئەمە دەستپێکی رێگەیە."
موحسین پاکنەژاد گوتی: "بەرهەمهێنانی بەنزین و نەوت و گاز لە وڵاتدا 7 و 8 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا زیادیکردووە".
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 13-03-2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و سێ دامەزراوەدا سەپاندووە، سێ کەشتییان وەکو "موڵکی بلۆککراو" ناساندووە، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ "راگرتنی ئێران لە بەکارهێنانی قازانجی نەوت بۆ چالاکیی ناسەقامگیرکەر."
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە دژی بەکاریهێنابوو.
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە ساڵی 2015 لە نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆکرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێنرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
تائێستا ئێران و ئەمریکا سێ جار گفتوگۆیان کردووە، بە گوتەی هەر دوو لایەن گفتوگۆکان ئەرێنی بوون، بەڵام گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان دواخراوە و تاوەکو ئێستا کاتەکەی دیار نییە.
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە دەیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات، لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی کردووە، کە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئامانج، ئێران بۆردوومان دەکرێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ''ئەگەر خواستی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، دەتوانین بەو خواستە بگەین. بەڵام ئەگەر داواکاریی نالۆژیکییان هەبێت، سرووشتییە کە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە".