سوپای پاسداران: کۆماری ئیسلامی لە پرسی ناوەکی دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی خۆی نابێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "قسیەکم لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا هەیە، ئێمە ئامادەین بۆ شەڕ لە هەر قەبارەیکدا بێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاند، "ئێمە هەوڵ دەدەین لە پرسی ئەتۆمیدا رێگەی دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە کەشوهەوای مەترسیدار بێت."
حوسێن سەلامی دەشڵێت، "قسیەکم لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا هەیە، ئێمە ئامادەین بۆ شەڕ لە هەر قەبارەیکدا بێت".
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل ئەمریکا دەوروژێنێت بۆ شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمریکاش دەزانێت "ئەو شەڕە بۆ ئەو خەسارەتێکی گەورەیە".
سەلامی گوتیشی: "ئەمریکییەکان بە هەڕەشە و سەپاندنی سزای نوێ، خۆیان بە بێ متمانە نیشان نەداوە و دەبێت بزانن کۆماری ئیسلامی لە پرسی ناوەکی دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی خۆی نابێت".
سەلامی رایگەیاند،"ئاگادارییەکی جیدی دەدەینە بەرپرسانی زایۆنی و ئەمریکی، ئەگەر بەردەوام بن لە هەڵەکردن، دەروازەکانی دۆزەختان بە روودا دەکەینەوە".
رۆژی یەکشەممە،4-5-2025 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئێرانی بە هۆکاری هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل زانی و بەڵێنی "وەڵامدانەوە"ـی دا. ئێران رەتیکردەوە هیچ دەستێکی لەو هێرشە بووبێت.
هەمان رۆژ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو تەنیا بە "هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران" رازیی دەبێت، بەڵام ئامادەیی ئەوەشی پیشاندا کە ئێران دەتوانێت بۆ "مەبەستی مرۆیی" پەرە بە چەکەکەی بدات.
ترەمپ گوتی: "ئێستا گریمانەیەکی دیکە هەیە کە ئێران دەتوانێت بۆ مەبەستی مرۆیی بەکاری بهێنێت، واتا بۆ دەستخستنی کارەبا، من ئامادەم گوێم لە قسەکانیان بێت."
لە 12ـی نیسانەوە دوو وڵاتەکە سێ جار کۆبوونەتەوە، لە دوای ئەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2018 کشایەوە، ئەمە ئاستبەرزترین کۆبوونەوەی نێوان تاران و واشنتن بوو، بەڵام گەڕی چوارەمی دواخراوە تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو گەڕی دانوستانەکان کەی بەڕێوە دەچێ.
وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، تاران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات و ئێران هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردوونەتەوە.