پەرلەمانتارێکی ئێران: وەکو هەرێمی کوردستان سەیری ئیمارات دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئیمارات و رایدەگەیێنێت، ئێران لەمەودوا هەمان ئەو مامەڵەیە لەگەڵ ئیمارات دەکات، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و ئیماراتی وەکو "بنکەیەکی دووژمن" پۆلێن کردووە.
 
عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، شەوی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، سیاسەتی نوێی سەربازی و بەرگریی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئیمارات گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا هاتووە. ئەو دەڵێت: "سیاسەتی ئێمە بەرامبەر ئیمارات بووەتە هاوشێوەی سیاسەتمان بەرامبەر هەرێمی کوردستان؛ ئیدی ئیمارات وەک "بنکەیەکی دوژمن" دەبینین.
 
"ئیمارات راستەوخۆ لە جەنگی دژ بە ئێران بەشدار بووە"
 
خزریان، ئیمارات تۆمەتبار دەکات بەوەی لە ململانێکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، هاوکارییەکی هەواڵگری و سەربازیی "ئاڵۆز"ی لەگەڵ دووژمنانی ئێراندا هەبووە. ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە گوتی: "گومانێکی جیددی هەیە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیمارات، دوای ئەوەی ئاڵای ئیمارات لەسەریان لا براوە، بەشداریی راستەوخۆیان لە هێرشەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کردبێت. بۆ ئێمە یەکلایی بووەتەوە کە نەک تەنیا بنکەکانیان بەکارهێنراوە، بەڵکو خۆشیان بە راستەوخۆ لە شەڕدا بوون."
 
هاوکێشەی "هەرێمی کوردستان" بۆ ئیماراتیش جێبەجێ دەکرێت
 
سەبارەت بە گۆڕینی شێوازی مامەڵەی تاران، خزریان باسی لەوە کرد کە لە روانگەی ئێرانەوە ئیدی چەمکی "دراوسێیەتی" بۆ ئیمارات کۆتایی هاتووە. ئەو گوتی: "هاوکێشە ئەمنییەکەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، لەمەودوا ئیماراتیش دەگرێتەوە. وەک چۆن لە هەرێمی کوردستان هەر جموجۆڵێکی بنکە سەربازییەکانی دووژمن بەر لەوەی ببێتە کردار پووچەڵی دەکەینەوە، بەرامبەر ئیماراتیش هەمان کار دەکەین."
 
ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی لە ئیمارات کرد و گوتی: "ئیماراتییەکان دەبێت هەر ساتێک چاوەڕوانی ئەوە بن، چۆن بنکەکانی دووژمن لە هەولێر دەکرێنە ئامانج، ئاواش هەر بنکەیەکی دووژمن لە ئیمارات هەستی پێ بکرێت کە خەریکی رێکخستنی کارێکە دژی ئێران، دەکرێتە ئامانج و هێرشی دەکرێتە سەر."
 
"ئابووریی شووشەیی ئیمارات بەرگە ناگرێت"
 
عەلی خزریان لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیمارات بەرگەی ئەم جۆرە گرژییە ئەمنییانە ناگرێت و رایگەیاند: "ئەم ئابوورییە شووشەییەی ئیماراتییەکان توانای بەرگەگرتنی ئەو جۆرە ئاڵۆزییانەی لە داهاتوودا نییە."
 
هەروەها باسی لەوەش کرد کە بەهۆی ململانییەکانی نێوان سعودیە و ئیمارات لە سوودان، یەمەن و باکووری ئەفریقیا، ئیمارات زیاتر لە جاران لە ناوچەکەدا تەنیا دەکەوێت و دەکەوێتە ژێر گوشاری زیاترەوە.