ئێژەیی: بەبێ گوێدانە لۆمەی لۆمەکاران سزای خیانەتکاران دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران رایگەیاند، ستراتیژی دەزگاکەیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ "خیانەتکاران و سیخوڕان" روونە و بە تووندی سزای ئەو کەسانە دەدەن کە "خیانەت لە نیشتمان" دەکەن و لەو پێناوەشدا باکیان بە هیچ لۆمەیەک نییە.
موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، ئەمڕۆ هەینی (08-05-2026) لە پەیامێکدا رایگەیاند، دادگایی و سزادانی ئەو کەسانەی بە "خیانەتکار لە نیشتمان" ناویان دەبات، لە چوارچێوەی یاسا و بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت. گوتیشی: "لە لۆمەی لۆمەکاران ناترسین، بەڵام لە چوارچێوەی شەریعەت، یاسا و دادپەروەریش دەرناچین."
سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هێزە ئەمنییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان دەربڕی لە پرۆسەی راوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ئەو بە "سیخوڕ" ناویان دەبار. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، رێگە نادەن بەناوی "بارودۆخی جەنگییەوە" ستەم لە کەس بکرێت و جەختی لە پاراستنی "یەکڕیزیی نەتەوەیی" کردەوە.
ئێژەیی سەبارەت بە هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ئێران بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: "سەرکەوتنی وڵاتەکەمان لە جەنگەکاندا قەرزاری ئامادەیی بەردەوامی خەڵکە" و گوتی: "خێوەتی کۆماری ئیسلامی بە خواستی خەڵک هەڵدراوە و بە پشتیوانی ئەوانیش دەمێنێتەوە."
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران لەکاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن. بەپێی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رۆژی 7ـی ئایار، هێزەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز هێرشیان کردووەتە سەر سێ کەشتیی تێکشکێنەری مووشەکهاوێژی ئەمریکی بە ناوەکانی (USS Truxtun، USS Rafael Peralta و USS Mason).
لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئەمریکا وەک بەرگری لە خۆیان، چەندین پێگەی سەربازیی ئێرانیان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە کردە ئامانج، لەوانەش شوێنی هاویشتنی مووشەک و درۆن، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و بنکەکانی چاودێری و هەواڵگری.