زیاتر لە 660 کۆچبەری نایاسایی لە زاهیدانی ئێران دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ئەمنیدا لە شاری زاهیدان لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، زیاتر لە 660 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە و دەڵێن، ئامانج لێی "بەرزکردنەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە."
ئۆپەراسیۆنەکە، کە لە هەفتەی رابردوودا کراوە، بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی فراوانتری حکومەت بە ناوی "پلانی بەهێزکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی" کە بەرپرسانی ئێران دەڵێن، ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی رێکخراو و تێکچوونی ئاسایشی گشتییە.
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە کە گوشارەکان لەسەر کۆچبەران، بەتایبەتی ئەفغانەکان، زیاد بوون و لەم دواییانەدا رووبەڕووی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی زیاتر بوونەتەوە.
حەمید نووری، فەرماندەی پۆلیسی زاهیدان، دوێنێ شەممە 07-06-2025 رایگەیاند، پۆلیس ئەو کەسانەیان کردووەتە ئامانج کە تۆمەتبارن بەوەی بەشدارییان لە "ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی و تاواندا" کردووە.
جگە لە دەستگیرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان، پۆلیسی ئێران رایگەیاند، دەستیان بەسەر 30,000 لیتر سووتەمەنیی قاچاخ، 57 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر، 149 حەبی هۆشبەر، 11 چەکی سەربازی، چوار چەکی راو و چەندین ئۆتۆمبێلی دزراودا گرتووە.
دەسەڵاتداران ئاماژەیان بە دەستگیرکردنی زیاتر لە هەزار و 200 کەس بە تۆمەتی جیاواز کرد، لەنێویاندا 455 بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر، 53 فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر و 103 گومانلێکراوی دزی.
زاهیدان، پایتەختی پارێزگەی سیستان و بەلوچستان، یەکێکە لە هەستیارترین ناوچە ئەمنییەکانی ئێران. بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان، خاڵێکی سەرەکیی تێپەڕینی کۆچبەرانە و هاوکات ناوەندێکی قاچاخچێتیی کاڵا و مادە هۆشبەرەکانە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام نیگەرانیی خۆیان لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەرانی نایاسایی لە ئێران دەربڕیوە، بەتایبەتی ئەوانەی خەڵکی ئەفغانستانن، کە زۆرێکیان بۆ رزگاربوون لە جەنگ، هەژاری و نائارامیی سیاسی پەنایان بۆ ئەو وڵاتە بردووە.
گرووپە داکۆکیکارەکان هۆشداری دەدەن، زۆرێک لە دەستگیرکراوان رووبەڕووی پرۆسەی یاساییی نادیار و بارودۆخی سەختی زیندان دەبنەوە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و رووبەڕووبوونەوەی تاوانی رێکخراو پێویستن.