ئێران زیاتر لە 700 هەزار ئەفغانی دیپۆرتکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگ و نیودا زیاتر لە 717 هەزار پەنابەریان دیپۆرتی ئەفغانستان کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبن لە دیپۆرتکردنەوەیان.
 
نادر یارئەحمەدی، بەرپرسی ناوەندی کاروباری هاووڵاتییان و کۆچبەرانی بیانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ئێوارەی دووشەممە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە (21ـی ئادار) تاوەکو رۆژی یەکشەممە، 6ـی تەمموز،  717 هەزار و 658 کەسمان لە رێگەی دەروازە سنوورییە هاوبەشەکانەوە رەوانەی ئەفغانستان کردووە."
 
بە گوتەی نادر یارئەحمەدی، ئەو پەناخوازە ئەفغانییانە زیاتر لە سنووری دۆغارۆن لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی دیپۆرت کراونەتەوە، ژمارەیەکیشیان لە رێگەی دەروازەی سنووری ماهیروود لە خوراسانی باشوور و دەروازەی سنووری میلەک لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان.
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند بەردەوام دەبن لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی و گوتی، "پێویستە ئەو کەسانەی هێشتا بە نایاسایی لە ئێرانن، لە کاتی دیاریکراودا وڵاتەکەمان بەجێبهێڵن."
 
نادر یارئەحمەدی ئاشکرای کرد، لوتکەی شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستانی چەند رۆژێک لەمەوبەر بووە، کاتێک "نزیکەی 29 هەزار کەس لە رۆژێکدا ئێرانیان بەجێهێشت."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئێستا رۆژانە تێکرا 13 هەزار ئەفغانی دیپۆرت دەکرێنەوە.
 
نادر یارئەحمەدی دەشڵێت، "بۆ ئەوانەی کە بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران و هاوکاتبوونی پرۆسەکە لەگەڵ مانگی موحەڕەم نەیانتوانی ئێران بەجێبێڵن، 191 فەرمانگەمان راسپاردووە، ئەگەر کەسێک سەردانی کرد، هاوکاریان بن بۆ ئەوەی لە یەکەم دەرفەتدا لە رێگەی ئەو کەمپانەی دامەزراون، بچنە سنوور و ئێران بەجێبهێلن."
 
بەرپرسی ناوەندی کاروباری هاووڵاتییان و کۆچبەرانی بیانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو سێ مانگی داهاتوو، چارەنووسی دوو ملیۆن و 33 هەزار پەناخوازی نایاسایی ئەفغانستانی یەکلادەکرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، دووی تەمموزی 2025، ئەسکەندەر موئمنی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، حکومەت پڕۆژەیاسایەکی داوەتە پەرلەمان بۆ رێکخستنی چۆنیەتی دەرکردنی پەنابەرانی نایاسایی.
 
وەزیری ناوخۆی ئێران گوتی، بەپێی پڕۆژەیاساکە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان رادەسپێردرێن هاوکاری یەکدی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی پەنابەرانی نایاسایی.
 
لە دوای هێرشی ئیسرائیلەوە، دەرکردنی پەناخوازانی ئەفغانستانی لە ئێران زیاتر بووە، بەهۆی ئەوەی بەشێکیان تۆمەتبار دەکرێن بە سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل لەو هێرشەدا.
 
زۆربەی پەنابەرانی نایاسایی لە ئێران خەڵکی ئەفغانستانن. ژمارەی تەواویان دیار نییە، بەڵام بەپێی مەزندەی بەرپرسانی ئێران، ژمارەیان زیاتر لە چوار ملیۆن کەس دەبێت و بەشێکی کەمیان بە یاسایی لەو وڵاتە دەژین.