ئێران: ئەمریکا پەیامی بۆ ناردووین و داوای گەڕانەوە بۆ دانوستاندن دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی، هێرشی کردە سەر "مێزی دانوستاندنەکان." ئاماژە بەوەش دەکات، پەیامیان لەلایەن واشنتنەوە بۆ نێردراوە و داوای گەڕاندنەوە بۆسەر مێزی دانوستاندنیان لێ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "لە رۆژانی رابردوودا پەیاممان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ نێردرا. ئەوان داوای گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستاندن دەکەن. بێگومان هەمووان دەزانن دانوستاندن هەبوو و تەنانەت لە نێوەڕاستی دانوستاندندا بووین کاتێک هێرشیان کرد."
 
خەتیبزادە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە نێوەڕاستی دانوستانەکانیشدا بووین لەگەڵ ئەورووپییەکان، کاتێک ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەمان هێرشی کردە سەر ئەو مێزەی دانوستاندنیش."
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هەر دانوستانێک پێویستی بە متمانەیە." گوتیشی، "لە رابردوودا دیوارێکی بەرزی بێ متمانەیی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا هەبوو، بەڵام پێشێلکردنی ئاشکرای خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کردەوە لەلایەن ئەمریکاوە هیچ متمانەیەکی نەهێشت، ئەوەش دەبێت بنیات بنرێتەوە."
 
خەتیبزادە جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێشێلکردنی سەروەریی نەتەوەیی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە لێخۆشبوونی نییە، بەڵام دیپلۆماسی هەمیشە بنەمای سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بەرپرسانی باڵای وڵات بڕیاری خۆیان لەو رووەوە دەدەن."
 
بڕیاربوو 15ی حوزەیران ئێران و ئەمریکا بۆ گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکان لە عومان کۆببنەوە، بەڵام لە 13ی حوزەیراندا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران.
 
22ی حوزەیران ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان؛ 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی راگەیاند.