وەزارەتی دەرەوەی ئێران: راوێژکارێکمان لە میسر ون بووە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، راوێژکارێکی رۆشنبیری وڵاتەکەیان لە میسر ون بووە، کە بە پاسپۆرتی عێراقی چووەتە میسر.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی ئەیلوولی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی راگەیاند،"ئەمیر مووسەوی، راوێژکاری رۆشنبیری ئێران لە میسر دیار نەماوە و بەشێوەیەکی دیپلۆماسی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."
 
پێشتر میدیاکانی ئێران بڵاویانکردبووەوە، ئەمیر مووسەوی، راوێژکاری رۆشنبیری ئێران "لە پڕ و بە شێوەیەکی گوماناوی لە شوێنی مانەوەی دیار نەماوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمیر مووسەوی پێشتر وەک شڕۆڤەکاری کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسراوە و چەندین جار هەڵوێستی دژی ئیسرائیل دەربڕیوە.
 
موسەوی پێشینەی بەڕێوەبردنی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی هەیە و راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئێران بووە.