دانیشتی داخراوی پەرلەمانی ئێران بە بەشداریی وەزیری دەرەوە و سوپاسالار بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، دانیشتنی داخراوی پەرلەمان بە بەشداریی وەزیری دەرەوە و سوپاسالاری ئێران دەستی پێکردووە.

میدیای فەرمیی ئێران لە زاری عەباس گودەرزی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بڵاویکردەوە، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێران بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسە گرنگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان داخراوە.
 
عەباس گودەرزی گوتی، دانیشتنەکە بە بەشداریی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێ.
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، عەلی رەزا سەلیمی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "سبەی پەرلەمان لەسەر دوایین دۆخی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا دانیشتنێکی داخراو بەڕێوە دەبات."
 
دانوستاندنەکەی مەسقەت لە کاتێکدا کرا ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە هەڕەشە لە بەرپرسانی تاران دەکات ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، ''شتی خراپ'' روودەدات. 
 
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ: ''بە هێزی سەربازیی ئەوان لە ناوچەکە، ناترسێین. ئێمە لەگەڵ دیپلۆماسین، بەڵام شارەزای جەنگیشین.''
  
پار پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەڵام دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک لە مانگی حوزەیرانی 2025 جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روویدا و لە رۆژانی کۆتاییشدا ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد.