ئێران ئامادەیە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی کەم بکاتەوە؛ 'مەرجەکە هەڵگرتنی هەموو سزاکانە'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکاتەوە (روونی بکاتەوە)، بەو مەرجەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواوی سزاکانی سەر تاران هەڵبگرێت.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی تاران رۆژی دووشەممە 09-02-2026، لە زاری محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانەوە گواسترایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتن دەستی پێکردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە،محەممەد ئیسلامی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی خەستیی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی 60٪ گوتوویەتی: "ئەمە بەستراوەتەوە بەوەی کە ئایا لە بەرامبەردا هەموو سزاکان هەڵدەگیرێن یان نا." هەرچەندە ئاماژەی بەوە نەکردووە مەبەستی تەنیا سزاکانی ئەمریکایە یان هەموو ئەو سزایانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە سەپێنراون.
پڕۆسەی روونکردنەوەی یۆرانیۆم (Uranium Dilution) بە واتای تێکهەڵکێشکردنی یۆرانیۆمی خەستکراو دێت لەگەڵ مادەی دیکە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکەی، تاوەکو بەرهەمە کۆتاییەکە لەو سنوورە تێپەڕ نەکات کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە.
ئەم پێشنیازەی ئێران لە کاتێکدایە کە واشنتن لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە عومان زنجیرەیەک دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ تاران کردووە، بەڵام هاوکات سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر ئێران گوتی: "تەنیا یەک مانگی مابوو ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێمە هەموو ئامانجەکانمان پێکان و هیچمان نەهێشتەوە. ئێستا وڵاتانی عەرەبی چیدیکە لە ئێران ناترسن."
لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی رابردوودا ئەمریکا هێرشی کردەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان.
ترەمپ گوتی، ئێران دوای هێرشەکە بیری لەوە کردووەتەوە کە لە شوێنێکی دیکە دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، بەڵام پێیان زانیوە و هۆشدارییان پێی داوە.