شارەکانی تاران، کەرەج و ئیسفەهان بۆردوومان دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامیی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە شارەکانی تاران، کەرەج و ئیسفەهان.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لەلایەن هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرش کرایە سەر شارەکانی تاران، کەرەج و ئیسفەهان و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لەو شارانە دەبیسترێت.
بەگوێرەی میدیای ئێران، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر چەند شوێنێک لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای شاری تاران و فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێت، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هەر سێ شاری تاران، کەرەج و ئیسفەهان چالاک بووەتەوە و بەرپەرچی هێرشەکان دەداتەوە.
هێشتا دیار نییە کام شوێن لەو شارانە کراونەتە ئامانج و زیانەکانیش دیار نین.
ئەوە لە کاتێکدایە، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێ ناوەتە رۆژی 11ـیەمەوە و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهاتنی شەڕەکە دیار نییە. هاوکات هێرشەکان تەنیا دوای چەند کاژێرێکی کەم لە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، وەکو سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دێن.