حیزبوڵڵای لوبنان پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات؛ 'لەسەر رێبازی ویلایەت بەردەوام دەبین'
رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنان پیرۆزبایی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی،
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 9-3-2026 بڵاوکراوەتەوە، حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و گەلی ئێران دەکەین بۆ هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێ، کە شوێنی پێشەوای شەهیدان ئیمام عەلی حوسەینی خامنەیی گرتەوە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە عەلی خامنەیی "دوای چەندین ساڵ لە جیهاد و سەرکردایەتیکردنی کاروانی شۆڕشی ئیسلامی و رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئیستیکبارییەکان، گەیشتە کاروانی شەهیدان."
حیزبوڵڵا ستایشی رۆڵی "ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری" دەکات لە کۆماری ئیسلامی و دەڵێت، سەرەڕای "بارودۆخە سەختەکان و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" و هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لەم پرۆسەیە، ئەنجوومەنەکە توانی بە خێرایی رێبەرێکی نوێ بۆ ئۆمەت هەڵبژێرێت، ئەمەش "بووەتە هۆی بێئومێدی و سەرلێشێواوی دوژمنان."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم هەڵبژاردنە خێرایە "پەیامێکی تووندە بۆ دووژمنانی کۆماری ئیسلامی" کە ئێران بە گەل و سەرکردایەتییەکەیەوە لە هەڕەشەی دەستدرێژکاران ناترسێت و هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنێت.
حیزبوڵڵای لوبنان جارێکی دیکە بەڵێنی وەفاداری بۆ رێبازی "ویلایەت" دووپات دەکاتەوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ موجتەبا خامنەیی خواستووە لە بەڕێوەبردنی ئەم "ئەمانەتە گەورەیەدا" و، پاراستنی کۆماری ئیسلامی لە پیلانی نەیارانی.
شەوی رابردوو میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، موجتەبا خامنەییان بە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژارد، ئەمەش دوای ئەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشوو رۆژی 28ی شوبات لە هێرشی مووشەکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژرا.
موجتەبا خامنەیی، کە کوڕی عەلی خامنییە، دەبێتە سێیەم رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دوای رووخاندنی رژێمی پاشایەتیی ئێران لە ساڵی 1979.