سوپای پاسداران: بە سێ جۆر مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشمان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران رایگەیاند، لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانیان، شەپۆلی 30یەمی هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل ئەنجام دا.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 9ی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا جێبەجێکردنی شەپولی 30یەمی هێرشەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راست 4) راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، "هێرشەکە بە درووشمی 'عەلی وەلیوڵڵا' و هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و باکووری ئیسرائیل بە سەرکەوتوویی کراونەتە ئامانج."
 
سوپای پاسداران دەڵێت، لەو شەپۆلەدا "سێ جۆر مووشەک لە جۆری خوڕەمشەهر، فەتاح و خەیبەر لەگەڵ چەندین درۆنی بۆمبڕێژکراو"یان بەکارهێناوە.
 
لە بەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
لە وەڵامدا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.