فراکسیۆنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران: چەندین مادەی ژەهراوی لە ئاسمانی تاران بڵاوبوونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کردنە ئامانجی کۆگەکانی نەوت لە نزیک تاران "تاوانێکی جەنگ و ئیکۆساید" (کۆمەڵکوژیی ژینگەیی) بووە و گوتی، بەهۆی تەقینەوەکانەوە کوالێتیی هەوای پایتەخت گەیشتووەتە ئاستێکی "مەترسیدار."
 
سومییە رەفیعی، سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگەی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "تەسنیم" هێرشی تووندی کردە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، دروستبوونی ئەو تەم و دووکەڵە رەشەی دوێنێ ئاسمانی تارانی داپۆشی، ئەنجامی "دووژمنایەتییەکی مرۆیی و تاوانێکی ژینگەیی تەواوە" کە خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج.
 
"ئیکۆساید لە ئاسمانی تاران"
 
رەفیعی، ئاماژەی بەوە کرد کە کردنە ئامانجی ژێرخانە ناسەربازییەکانی وەکو کۆگاکانی نەوت، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بڕێکی یەکجار زۆری مادەی ژەهراوی لە هەوادا. ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "ئەوەی لە ئاسمانی تاران بینیمان، نموونەیەکی تەواوی ئیکۆساید بوو. ئەمە خستنە مەترسیی بە ئەنقەستی تەندروستیی ملیۆنان مرۆڤە."
 
کوالێتیی هەوا گەیشتە ئاستی سوور
 
بەپێی ئامارەکانی وێستگەکانی چاودێریی کوالێتیی هەوا کە سەرۆکی فراکسیۆنی ژینگە پشتی پێ بەست، دوای تەقینەوەکان ئاستی پیسبوون لە ناوچەکانی وەکو زانکۆی شەریف و شاری رەی گەیشتە 165 (AQI).
 
ئەم ئاستە لە زانستی ژینگەییدا بە "ناتەندروست بۆ هەموو توێژەکان" پۆلێن دەکرێت. رەفیعی گوتی، چڕیی تەنۆلکە هەڵواسراوەکان (PM2.5) بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئێرانییە، رەخنەی تووندی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرت و مامەڵەی ئەوانی بە "دووفاقیانە" ناو برد. داواشی کرد ئەم رووداوە وەکو دۆسیەیەکی "تاوانی جەنگ" لە ناوەندە جیهانییەکان بەدواداچوونی بۆ بکرێت و گوتی، "بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانە، بە واتای هاوڕێیەتییە لەگەڵ لەناوبردنی ژینگە."
 
ئامۆژگاری بۆ هاووڵاتییان
 
سومییە رەفیعی داوای لە دانیشتووانی تاران کرد کە بۆ پاراستنی تەندروستییان ماسکی گونجاو بەکاربهێنن. هەروەها داوا لە منداڵان و بەساڵاچووان، نەخۆشانی دڵ و سییەکان و خانمانی دووگیان دەکات تاوەکو باشتربوونی کوالێتیی هەوا، لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و خۆیان لە هەوای پیسبووی شارەکە بپارێزن.
 
پێشتریش گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی، ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە و دەڵێت، "ئەم هێرشانە بە واتای جەنگی کیمیاییی بە ئەنقەست دێن دژی گەلی ئێران."
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دەستدرێژییە تاوانکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گەلی ئێران، لە رێگەی هێرشی بە ئەنقەست بۆ سەر ژێرخانی وزە، چووەتە قۆناخێکی نوێ و مەترسیدارەوە."
 
بەقایی، ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی بە ئامانجگرتنی کۆگاکانی سووتەمەنی، مادەی ژەهراوی و مەترسیدار لە هەوادا بڵاوبوونەتەوە، گوتیشی، "ئەم تاوانە راستەوخۆ ژیانی خەڵک ژەهراوی دەکات، ژینگە لەنێودەبات و گیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە لێکەوتەکانی ئەم "کارەساتە ژینگەیی و مرۆییە" تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا نامێننەوە و کاریگەرییان بۆ سەر ناوچەکە دەبێت.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئیسماعیل بەقایی ئەو هێرشانەی وەکو "تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی" وەسف کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستیان هەبێت.