هۆشداری لە بوونی مین دەدرێت؛ ئێران دوو رێگەی جێگرەوەی بۆ تەنگەی هورمز دیاریکرد
رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەو کەشتییانەی بە ناو تەنگەی هورمز دا تێدەپەڕن، دەبێت دوو رێگەی جێگرەوە لە نزیک کەناراوەکانی ئێران بەکاربهێنن. ئەم بڕیارە وەک رێکارێکی پارێزگارییە لەبەر ئەگەری هەبوونی "مینە دەریاییەکان" لە رێڕۆ ئاساییەکەدا.
رۆژی پێنجشەممە، 09-04-2026، ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی بڵاویکردەوە، راگەیێندراوێکی سەربازیی سوپای پاسداران هاوپێچ لەگەڵ نەخشەیەکی دەریایی بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا دوو رێڕۆی نوێ لە باکوور و باشووری دوورگەی لارک دیاریکراون. هێزی دەریایی جەختی کردووەتەوە، دەبێت هەموو کەشتییەکان پابەندی ئەم رێڕۆ نوێیانە بن.
لە راگەیێندراوە سەربازییەکەدا هاتووە: "بەمەبەستی پاراستنی کەشتییەکان لە ئەگەری هەر مینێکی چێندراو، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران، پێویستە کەشتییەکان رێگەی جێگرەوە بگرنە بەر بۆ تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز تاوەکو کاتێکی نادیار."
ئەم رێکارە ئەمنییە نوێیە تەنیا یەک رۆژ دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت. یەکێک لە بەندە سەرەکییەکانی ئاگربەستەکە، کردنەوەی "دەستبەجێ و سەلامەتی" تەنگەی هورمز بوو بە رووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا، کە لە دەستپێکی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە بە تەواوەتی پەکیکەوتبوو.