ئێران داوا لە کەشتییەکان دەکات بە بیتکۆین باجی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمز بدەن
رووداو دیجیتاڵ
ئێران داوا لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی دەکات، بە بیتکۆین باجی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانە بدەن، کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن و هەوڵدەدات لە ماوەی دوو هەفتەی ئاگربەستدا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو رێڕەوە گرنگەدا بهێڵێتەوە.
حەمید حوسێنی، گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی نەوت، گاز و پترۆکیمیایی ئێران بە رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ـی راگەیاند، ئێران دەیەوێت باج لە هەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر وەربگرێت، کە بە تەنگەی هورمز تێپەڕ دەبێت و هەڵسەنگاندن بۆ هەریەکێکیان بکات.
حوسێنی گوتی، "ئێران پێویستە چاودێری هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز بکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەم دوو هەفتەیە بۆ گواستنەوەی چەک بەکارناهێنرێت."
حەمید حوسێنی دەشڵێت، "هەموو کاڵایەک دەتوانێت تێپەڕێت، بەڵام رێکارەکان بۆ هەر کەشتییەک کاتی دەوێت و ئێران پەلەی نییە."
بڕیارەکان لەسەر مەرجەکانی تێپەڕبوون بە هورمز لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانەوە دەدرێن.
درەنگی شەوی چوارشەممە ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی بە گەرووی هورمزدا راگرتووە.
پێش راگرتنەکە، حوسێنی رایگەیاندبوو، هەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە تێپەڕ دەبێت، دەبێت لە رێگەی ئیمەیڵەوە دەسەڵاتداران لەبارەی بارەکەیەوە ئاگاداربکاتەوە، دواتر ئێران ئاگاداریان دەکاتەوە لەو باجەی کە دەبێت بە دراوی دیجیتاڵی بدرێت.
گوتیشی، باجەکە 1 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت و کەشتییە بەتاڵەکان دەتوانن بە خۆڕایی تێپەڕن.
حوسێنی باس لەوەشدەکات، "کاتێک ئیمەیڵەکە دەگات و ئێران هەڵسەنگاندنەکانی تەواو دەکات، مۆڵەت بە کەشتییەکان دەدرێت بۆ ئەوەی پارەکە بە بیتکۆین بدەن، ئەمەش دڵنیایی دەدات کە بەهۆی گەمارۆکانەوە نەتوانرێت شوێنپێی هەڵبگیرێت یان دەستی بەسەردا بگیرێت."